ستافێكی كورد لە ئۆڵمپیكی پاریس سەرۆكایەتی عێراق دەكات

زاگرۆس نانەكەلی
شاندی هەڵبژاردەكانی ئۆڵمپی عێراق بە سەرۆكایەتی كوردێك بەرەو پاریس بەڕێكەوتوون، لە نێو شاندەكەش پاڵەوانێكی كورد لە یاریی جۆدۆ ململانێ لەسەر بردنەوەی مێدالیای زێڕ و زیو دەكات.
هەردە رەئوف سەرۆكە كوردەكەی شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە ئۆڵمپیكی پاریسی 2024، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند رۆژی سێشەممەی رابردوو شاندی ئۆڵمپی عێراق گەیشتە گوندی وەرزشی ئۆڵمپی پاریس، دەشڵێت: من وەك سەرۆك شاند و سەرمەد عەبدولئیلا وەك جێگری سەرۆك شاندی ئۆڵمپی عێراق كە ئەویش كوردە هەوڵەكانیان بۆ خۆ ئامادەكردنی یاریزانەكان و مەشق و راهێنان بۆ كێبڕكێیەكانی ئۆڵمپی پاریس خستووەتە گەڕ.
هەردە رەئوف دەشڵێت: شاندەكانی عێراق پێكهاتوون لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆڵمپی عێراق، لەگەڵ یاریزانێكی بەرزكردنەوەی قورسایی و یاریزانێكی مەلەوانی و گۆڕەپان و مەیدان و یاریزانێكی جۆدۆ.
هەردە هێمای بۆ ئەوەش كرد ئەمڕۆ هەینی شاندی هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق دەگاتە شاری لیۆنی فەرەِنسا، گوتیشی: دوای ئەوەی ئۆڵمپی عێراق كەمپێكی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ ماوەی 8 رۆژ كردەوە و یارییەكی دۆستانەیان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵمپی میسر ئەنجامدابوو كە بە ئەنجامی (2-1) یارییەكەیان دۆڕاندبوو.
هەردە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆڵمپی عێراق لە یەكەم یاریی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئۆڵمپی ئۆكڕانیا دەبێتەوە، دواتر لە 27ـی ئەم مانگە لە دووەمین یاریی بەرانبەر ئارجێنتینا و لە یاری سێیەمیش لە رۆژی 30ـی ئەم مانگە لە شاری نیس رووبەڕووی مەغریب دەبێتەوە.
هەردە رەئوف رایگەیاند رۆژی دووشەممەی داهاتوو هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق لە مەلەوانی و جۆدۆ دەگەنە شاری لیۆن، 3 رۆژ دواتر یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان و بەرزكردنەوەی قورسایی لە شاری لیۆن بۆ كێبڕكێكردن لەسەر مێدالیای زێڕ و زیو ئامادە دەبن.
هەردە رەئوف جەختی لەوەش كردەوە هەموو كارئاسانییەك بۆ یاریزانەكان و شاندی ئۆڵمپی عێراق كراوە، گوتیشی: لەگەڵ گەیشتنیان بۆ فەرەنسا شوێنی تایبەت بۆ پشوو و شوێنی مەشق و راهێنانیان بۆ ئامادەكراوە و بە تەواوەتی بۆ كێبڕكێكردنی یارییەكانی ئۆڵمپیكی پاریسی 2024 ئامادەن.
