بەرزی نرخ و دابەزینی کوالیتی، بازاڕی جلوبەرگی ئێرانی گرتووەتەوە

لە ئێران بە هۆی بەرزی نرخ و ئەو گەمارۆیانەی لەسەر بانکەکانی ئەو وڵاتە هەن، هاوردەی جلوبەرگ بەراورد بە ساڵانی پێشوو کەم بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی بەرهەمە خۆماڵییەکان بکڕن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 250 هەزار کەس لە کەرتی بەرهەمهێنانی جلوبەرگدا کار دەکەن، بەڵام بەرهەمە خۆماڵییەکان کوالێتییان باش نییە و نرخەکەشیان بەراورد بەو کوالێتییەی هەیە، زۆر بەرزە، ئەمەش وایکردووە کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران لە کەرتی جلوبەرگدا زەق بێتەوە. چەند ساڵێکە بە هۆی گەمارۆی سەر بانکەکانی ئەم وڵاتە، هاوردەی جلوبەرگ لە وڵاتانی دیکەوە کەم بووەتەوە و هاووڵاتییان ناچارن بەرهەمە ناوخۆییەکان بەکار بێنن.
بەڵام ئەو جلوبەرگانەی لە ناوخۆی ئێراندا بەرهەم دێن، لە لایەک کوالێتییان باش نییە و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی هاوردەکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن. تێچووی بەرهەمهێنانیان لە چاو کوالێتییەکەیان زۆر لە سەرەوەیە و ساڵ دوای ساڵیش نرخی جلوبەرگ لە ناو بازاڕی ئەم وڵاتە گرانتر دەبێت.
فرۆشیارێکی جلوبەرگ دەڵێت "20 ساڵ لەمەوبەر هاوردەکردن زیاتر بوو، بەڵام ئێستا هاوردە کەم بووەتەوە و زیاتر بەرهەمی خۆماڵین، بەڵام لە ڕووی نرخەوە پێچەوانە بووەتەوە و نرخەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان، لەلایەکی دیکەوە بەشێوەیەکی گشتیی کوالێتی کاڵا خۆماڵییەکان نزمن و نرخەکانیان بەرزە"
لانیکەم 784 کارگەی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ لە سەرانسەری ئێراندا هەیە و نزیک 90 هەزار کارگەی جلدوورین و بەرهەمهێنانی جلوبەرگیش لەو وڵاتە هەیە. بەم شێوەیەش زیاتر لە 250 هەزار کەس لە کەرتی بەرهەمهێنانی جلوبەرگدا کار دەکەن کە بازاڕێکی ساڵانەی 15 ملیارد دۆلاریی لەو وڵاتە پێک هێناوە. بەڵام گرانبوونی لە ڕادەبەدەری جلوبەرگ و کوالێتیی خراپ بووەتە هۆی ئەوەی خواست لەسەر کڕینی جلوبەرگیش زۆر کەم بێتەوە.
خانمێکی کڕیاریش دەڵێت "بە دڵنیاییەوە قوماش و جلوبەرگەکان کوالێتییان دابەزیوە، سەرەڕای ئەمەش نرخەکانیان بەرزە و هەم بۆ کڕیار و هەم بۆ فرۆشیاریش بازاڕ لەبار نییە، بەڵام خەڵکی ناچارن هەر جۆرە کوالێتی و نرخێک بێت ساڵانە هیچ نەبێ، دوو بۆ سێ جار دەستێک جلوبەرگ بکڕێت".
تێچووی دابینکردنی جلوبەرگ لە ئێران 30% گرانتر لە وڵاتانی ناوچەکەیە. ئەمەش وای کردووە هاووڵاتیان هەوڵ بدەن لەو دۆخە خراپە ئابوورییەی وڵاتەکەیاندا کە هەژاریی و گرانی ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێ، ئەوەندەی بتوانن، لە کڕینی جلوبەرگ خۆ ببوێرن و ئەو داهاتەی هەیانە بۆ پێداویستییەکانی دیکەی وەک خۆراک و کرێی خانوو تەرخان بکەن.