لە ئاکرێ سیستەمی ئەلیکترۆنی دەرهێنانی پاسەپۆرت کرایەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامە لە هەرێمی کوردستان، سیستەمی ئەلیکترۆنی دەرهێنانی پاسەپۆرتی لە ئاکرێ کردەوە؛ هاووڵاتیانی قەزای بەردەڕەش و شێخان و ئاکرێ دەتوانن لە ماوەی یەک کاتژمێردا پاسەپۆرت دەربهێنن.
د. دلاوەر هەرکی، قیمقامی قەزای ئاکرێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی دەرهێنانی پاسەپۆرت لە ئاکرێ کرایەوە، هاووڵاتیانی قەزاکانی بەردەڕەش و شێخان و ئاکرێ لێی سوودمەند دەبن، گوتیشی: "یەکەم پاسەپۆرت بۆ کوڕی شەهید هوجام سورچی دروست کرا".
لەبارەی خەرجی ئەو پاسەپۆرتە گوتی: "تێچووی ئەو پاسەپۆرتە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو ئەو پارە بۆ کۆمپانیا و حکوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، کە بڕی تێچووەکە 91 هەزارە و بەشێوەی کریدیت کارد، ڤیزا کارد یان ماستەر کارد دەدرێت"، دەشڵێت، پارەی کاش لە هاووڵاتیان وەرناگیرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەوەی ماستەر کاردی نەبێت، ئەوە بەڕێوەبەرایەتی پاسەپۆرت ئاسانکاریی کردووە، ئەویش لەبەردەرگا کریدی کارد دەفرۆشێت کە نرخی 91 هەزار دینارە، پارەکەش بۆ حکوومەتی فیدراڵییە.
لیوا دیدار عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە لە هەرێمی کوردستان گوتی: ئەو پاسەپۆرتە "B"یە و ساختە ناکرێت، لەماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانی ببیتە خاوەن پاسەپۆرت.