وەزارەتی نەوتی عێراق: کاری هەڵکەندن و وەرگرتنەوەی 105 بیرە نەوتمان تەواو کردووە

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، کۆمپانیای هەڵکەندنی بیری نەوتی عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، کارەکانی هەڵکەندن و وەرگرتنەوەی 105 بیری نەوتی تەواو کردووە.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: تیمە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی سەرکەوتوو بوون لە هەڵکەندنی 33 بیری نەوت و وەرگرتنەوەی 72 بیری دیکە، ئەمەش بۆ سوودی کۆمپانیا نیشتمانییەکانی دەرهێنان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە عێراق کار دەکەن .
جیهاد ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بەپێی خشتە دیاریکراوەکان، ئەمەش ڕۆڵی گرنگی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی بەرزتر دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد "کۆمپانیاکە بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی توانا تەکنیکی و مرۆییەکانی بۆ ئەوەی بتوانێت پڕۆژەکان جێبەجێ بکات بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان کە لە عێراق کار دەکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت: کۆمپانیاکە کۆمەڵێک گرێبەستی هەڵکەندنی لە کێڵگە نەوتییەکانی باکوور و ناوەڕاست و باشوور بە بەکارهێنانی شێوازی هەڵکەندنی ستوونی و ئاسۆیی کردووە.