کاتۆ سەعدوڵڵا: ترەمپ سیاسەتی بەرژەوەندیی دوو لایەنە پەیڕەو دەکات
شرۆڤەکارێکی سیاسی کورد لە ئەمەریکاوە دەڵێت: خەڵکی ئەمەریکا بایدنی وەک سەرۆکێکی لاواز دەبینی و لەسەردەمی ئەودا ئابووری ئەمەریکا کەوتە قەیران.
یەکشەممە 21ـی تەممووزی 2024، کاتۆ سەعدوڵڵا شرۆڤەکاری سیاسی: بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردایەتی حزبی دیموکرات و سیناتۆر و کۆنگرێس مانەکانی ئەمەریکا دوای دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەمانگی ڕابردوودا، داوایان لە بایدن کرد دەست لەکار هەڵگرێت، هەر ئەو کاتەکۆتایی بە بایدن هات کە فشارێکی زۆری لەلایەن حزبەکەی خۆی، لەسەر دروست بوو.
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بەوە دەکات بە مەرجی دیاریکردنی کامالا هاریس بکەن، بایدن کشاوەتەوە، بۆیە چانسی کامێلا لە بەربژێرەکانی دیکە زۆر زیاترە، دەشڵێت: خەڵکی ئەمەریکا ترەمپی لەبیر کردبوو، بۆیە دەرفەت درایە دیموکراتەکان بایدن دابنێن، گوتی: بارودۆخی ئەمەریکا ئێستا زۆر خراپە، بەهای کەلو پەل بەرزبووەتەوە، ژیان زەحمەت بووە، هەموو ئەو پەنابەرانەی دێنە ئەمەریکا بوونەتە بارگرانیی بەسەر ئەمەریکاوە، ئەوانەی دەنگ دەدەنە ترەمپ بۆ ئەوە نییە کە ترەمپیان پێ باشترە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بارودۆخی ئەمەریکا باشتر بکات.
لەبارەی پەیوەندییەکانی کورد و سەرکردایەتی ئەمەریکا، ئەو شرۆڤەکارە گوتی: سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا زۆر سەرکەوتوو بوو، بەلانسێکی لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دروستکرد، پێویستیشە ئەمەریکا زیاتر بۆ کورد بکات، پێشی وابوو جێگرەکەی ترەمپ کە گەنجێکە، زۆر هاوسۆزبێت چونکە ئەزموونی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
دەشڵێت: ئەو سێ مانگەی ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەمەریکا، دەبێتە دەرفەتێک ئەمەریکا کێ دەکاتە سەرۆک، ئاماژەی بەوە کرد کە، هەموو دونیا چاوەڕیی ئەوە دەکەن کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا، بە نموونەش ئێران کە نزیکە لە دروستکردنی ئەتۆمی، یاخود لەگەڵ عێراق کە ئەگەری زۆری هەیە سیاسەتی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو وڵاتە بگۆڕێت، لە نەهێشتنی گرووپەکان و ئەو هێرشانەی دەکرێتنە سەر ئەمەریکا، گوتی: لەمەودوا هەڵوێستەکان دەگۆڕێن، بە هاتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات سیاسەتی ئەمەریکا دەگۆڕێت، دەشڵێت: مامەڵەی ئەمریکا بەشێوەیەکە بەرژەوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان بەرامبەر دەکات، ئەوەش سیاسەتە و پێویستە بەرژەوەندییەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن، ئەمەریکا وڵاتێکی دامەزراوەییە و بڕیار تەنها لای ترەمپ نابێت.
ڕۆژی 21ـی تەمموزی 2024 لە نامەیەکی کراوەدا، جۆ بایدن، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکردووە: لە کاتێکی دیکەی ئەم هەفتەیە زیاتر لەبارەی ئەو بڕیارەوە قسە دەکات.
لە نامەکەیدا، بایدن ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردووێتی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکییەکان بکات.
بایدن باسی لەوەشکردووە: ئێستا ئەمەریکا خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە جیهاندا و وەبەرهێنانی مێژووییان لە بنیاتنانەوەی نەتەوەکەیان کردووە، هاوکات کاریان کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی دەرمان بۆ کەسانی بەساڵاچوو، هەروەها فراوانکردنی چاودێریی تەندروستی گونجاو بۆ ئەمەریکییەکان کردووە و یەکەم ژنی ئەمەریکی ڕەشپێستی بۆ دادگای باڵا دەستنیشان کردووە.