سبەی زەیدی سەردانی دیمەشق دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە دیمەشق و لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاسایشی هاوبەش کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: بڕیارە سبەی چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، بە یاوەریی شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ، لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بچێتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکانی کوردستان24 لە سەرچاوەکەوە، لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان هەردوو سەرکردەدا کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ و ستراتیژی تاوتوێ دەکرێن، کە لە سەرووی هەموویانەوە پرسی بەهێزکردن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشقە لەسەرجەم ئاستەکاندا.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، دۆسیەی ئەمنی و پرسی کۆنترۆڵکردنی توندوتۆڵی سنووری هاوبەشی نێوان عێراق و سووریا، بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکان پێکدەهێنێت بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جۆرە دزەکردنێک و پاراستنی سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان؛ هاوکات گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگییە ئابوورییەکان و زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات دەکرێت، بە جۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی بەغدا و دیمەشقدا بێت.

پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا دوای رووخانی رژێمی ئەسەد بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاو دەنێت. لە دوای دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی و شەرع لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمریکا کۆبوونەوە.

دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی سووریا، وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی عێراق دەیانەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق رێکبخەنەوە. سنووری درێژی نێوان هەردوو وڵات و بوونی هەڕەشە ئەمنییەکان، وای کردووە هەماهەنگیی ئەمنی لە پێشینەی کارەکانی هەردوو حکوومەت بێت.