خەڵکی غەززە بەدەست نەخۆشییەوە گیریان خواردووە

ئاوارەکانی باکووری غەززە لە شاری ڕەفەح
ئاوارەکانی باکووری غەززە لە شاری ڕەفەح

شەڕ و بۆردومانی سوپای ئیسرائیل بووەتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی غەززە و مەترسی بڵاوبوونەوەی چەندان نەخۆشی و ڤایرۆسی مەترسیدار.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئاوی ئاوەڕۆی شاری دێرلبەلح لە ناوەندی غەززە، وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات کە  لەناو ئاوەڕۆکە ڤایرۆسێکی نوێیان دۆزیوەتەوە، دەبێتە هۆی ئیفلیجی منداڵ. جیا لەوەش خەڵکی غەززە بەدەست چەندان جۆری نەخۆشییەوە دەناڵێنن و داوای هاوکاریی دەکەن.

شەڕ و بۆردومانی ئیسرائیل لەلایەک و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیش لەلایەکی دیکە تەنگیان بە خەڵکی غەززە هەڵچنیوە. نەخۆشییەک خەریکە کەرتەکە ئیفلیج دەکات، ئەویش ئیفلیجی منداڵە.

سوپای ئیسرائیل ژێرخانی غەززەی وێرانکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاوی ئاوەڕۆکان لە تەواوی شەقامەکانی شاری دێرلبەلح لە غەززە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش لە غەززە دەڵێ، "چەندان نەخۆش لە غەززە بڵاوبوونەتەوە، ڤایرۆرسێکی نوێشیان لە ئاوەڕۆی شارەکە دۆزیوەتەوە دەبێتە هۆی ئیفلیجی منداڵ".

خەلیل دەکران، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ڕایگەیاند، دوای داگیرکاریی سەر غەززە، سوپای ئیسرائیل ژێرخانی کەرتی غەززە وێران کرد. پەتا و نەخۆشی لەناو خەڵکی غەززە بڵاوبوویەوە، بەتایبەتی لەناو منداڵان. بەخێرایی نەخۆشییەکانی وەک نەخۆشی ڕیخۆڵە، هەوکردنی جگەر جۆری ئەی و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە بڵاوبوونەوە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش، وەزارەتی تەندروستی بە هاوکاری یونیسێف دوای پشکنینی ئاوی ئاوەڕۆکان، ڤایرۆسێکی مەترسیداریان تێبینیکرد، کە دەبێتە هۆی ئیفلیجی منداڵ.

خەڵکی غەززە لە ترسی شەڕ و بۆردومان لە باکوورەوە بەرەو ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە ئاوارە بوون، بەڵام ئێستەش ترسیان لەوەیە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵیش بڵاوبێتەوە ببێتە کابووسێکی دیکە بۆ گیانی منداڵەکانیان.

سەمیر عابد رەببۆ، ئاوارەی غەززە، دەڵێت، "بەتێپەڕبوونی کات ئەم ئاوەڕۆیە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و تووشی نەخۆشی و هەستیاریمان دەکات. لە وەزارەتی تەندروستیشمان بیستووە ئەمە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵ. ئێستە ئێمە بۆکوێ بڕۆین؟ لە باکوور بەهۆی بۆردومانەوە ڕامانکرد، ئێستەش لێرە بەهۆی ئەم ئاوەڕۆ پیسەوە منداڵەکانمان لەدەست دەدەین. تەنانەت ماسکیکیشمان نییە بیبەستین تاوەکو کەمێک بەرگریی لەخۆمان بکەین."

ئاوەڕۆی شارەکە بۆنێکی ناخۆشی بڵاوکردووەتەوە و مێش و مەگەزیش هێندە زۆرن، بە شەو و ڕۆژ ئاسوودەییان لە خەڵک هەڵچنیوە، جیا لەوەی بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی چەندان نەخۆشی لەوانەش، سکچوون، هەوکردنی جگەر، هەستیاریی پێست و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە.