36 ساڵ بەسەر کیمیابارانی دوو گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێ دەپەڕێت
ئەمڕۆ، دووشەممە 22ی تەممووزی 2024، 36 ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەردوو گوندی زەردە و نەسەردێرەی شارۆچکەی دالاهۆی سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە هەشت ساڵەی جەنگی عێراق – ئێران، لەلایەن سوپای عێراقەوە بە چەکی کیمیایی بۆمباران کران.
ئێران، پشت بە ڕاپۆرتێکی کۆمیسیۆنی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ساڵانی 1983 بۆ 1988 بەستووە و ئاماژەی داوە، سوپای عێراق هەزار 800 تۆن گازی خەردەل، 140 تۆن گازی دەماری تابون و 600 تۆن گازی دەماری سارینی بەکارهێناوە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپای ئەو کاتی عێراق ئەو گازە کیمیاییانەی لە ڕێگەی هەڵدانی 19 هەزار و500 مووشەک، 54 هەزار گولـلە تۆپ، 27 هەزار ڕۆکێتی مامناوەند لە ماوەی هێرشەکانیدا بۆ سەر سنوورەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار هێناوە.
گوندی زەردە، دەکەوێتە ناوچەی ڕیژاو لە بناری بەرزاییەکانی شاری دالاهۆ و بە دووری 140 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری کرماشان، کۆی دانیشتوانەکەی 1500 کەسە و دانیشتوانەکەی لە ساڵی 1988 ـەوە بەدەست کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی لە ئازار و مەینەتیدان، بەهۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، هەوکردنی سییەکان، کوێریی و نابیستی و هەستیاریی پێست لەگەڵ کۆکەڕەشە. کاریگەرییەکانی هەر لە بریندارەکانی چەکە کیمیاییەکان نەوەستاوە و بەڵکو کاریگەرییەکانی بۆ نەوەکانی دوای کارەساتەکەش گواستراوەتەوە.
بەرەبەیانی هەینی 22ی تەمموزی 1988، کەمتر لە سێ هەفتە بەر لە ڕاگرتنی جەنگ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، سوپای عێراق بە چەند فڕۆکەیەکی جەنگی گوندی زەردەی کیمیایباران کرد، بەهۆیەوە 275 هاووڵاتیی شەهید بوون و سەدانی دیکەش بریندار بوون. هەر لە هەمان ڕۆژدا، سوپای عێراق هێرشی کیمیایی کردە سەر گوندی نەسەردەڕەی سەر بە شارۆچەکەی گەیلانغەربی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو هێرشە کیمیاییەدا بەشێک لە ناوچەکانی سەر بە شارۆچکەکانی سەلاس باواجانی، سەرپێل زەهاو گرتەوە و یەکێک لە مووشەکەکان بەر سەرچاوەی ئاوی ناوچەکە کەوت و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهید و زیاتر لە هەزار هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.