ئێران.. شەپۆلێکی گەرما بەڕێوەیە و هۆشداریی لە کەمبوونەوەی کارەبا دەدرێت

لە دوو هەفتەی داهاتوودا شەپۆلێکی گەرما ناوچەکە دەگرێتەوە و بەرپرسانی کەرتی کارەبای ئێران پێشبینی دەکەن لەگەڵ شەپۆلە گەرماکە، بەکارهێنانی کارەبا 7.5% زیاد بکات، بەمەش تووشی کورتهێنانێکی زۆر دەبن و ڕەنگە کارەبا بپچڕێ، هەر بۆیە حکوومەتی کاربەڕێکەری ئێران، داوای لە خەڵک دەکات بە ڕێژەی 10% بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە.

چەند ساڵێکە بە هاتنی وەرزی گەرما، کێشەی کورتهێنان و پچڕانی تەزووی کارەبا لە ئێران سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەم ساڵ لەگەڵ تینی گەرما پێشبینی دۆخێکی خراپتر بۆ کەرتی کارەبا دەکرێت و ترس هەیە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر گەورەتر ببنەوە بەراورد بە ساڵانی پێشوو.

مستەفا ڕەجەبی مەشهەدی، گوتەبێژی بەرهەمهێنان لە کەرتی کارەبای ئێران، بە ئاژانسی ئیلنای ڕاگەیاندووە "لە دوو هەفتەی داهاتوودا شەپۆلێکی گەرما ئێران دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت لەم ماوەیەدا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەڕێژەی 7.5% زیاد بکات ئەمەش بە مانای تۆمار کردنی ژمارەی پێوانەیی نوێ لەم کەرتەدایە.

هەروا ئاشکراشی کردووە، بەکارهێنانی کارەبا لە سەرانسەری ئێران، ئەم ساڵ پێنج هەزار مێگاوات زیاترە لە ساڵی ڕابردوو.

وەزارەتی وزەی ئێران ڕایگەیاندووە، بە بەرزبوونەوەی هەر پلەیەک لە گەرمای هەوا، تۆڕی کارەبای ئێران پێویستی بە 1800 مێگاوات کارەبای زیاتر دەبێت و توانایی بەرهەمهێنانی وێسگەکانی کارەباش 400 مێگاوات کەم دەبێتەوە.

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردبوو. حکوومەتی ئەو وڵاتەش لە دۆخی وەهادا کارەبای کارگە گەورە پیشەسازییەکان دەبڕێ بۆ ئەوەی کارەبای هاووڵاتییان دابین بکات.

پچڕانی تەزووی کارەبا لەسەر کارگەکان، ئەم ساڵ گەیشتە کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمانیش. بەم حاڵەش، دوو هەفتە لەمەوبەر کورتهێنانی کارەبا، بەرپرسانی 15 پارێزگای ئەو وڵاتەی ناچار کرد بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا، دوو ڕۆژ پشووی فەرمی ڕابگەیەنن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئەم وڵاتەوە نەیتوانیوە کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبای خۆی بە گوێرەی پێویست پەرە پێ بدات و بەم شێوەیەش لە وەرزی هاوین و مانگە گەرمەکانی ساڵدا تووشی 14هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبا دەبێت و کورتهێنانەکەش ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت.

Fly Erbil Advertisment