بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاریی لە زاخۆ دانرا

بە گوژمەی 25 ملیۆن دۆلار، بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاریی لە زاخۆ دانرا. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت، چەند پرۆژەیەک ستراتیجیی دیکە لەو سنوورە جێبەجێ دەکرێن.
دووشەممە، 22-07-2024، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ژێر چاودێریی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ لە ڕێوڕەسمێکدا، بە گوژمەی 25 ملیۆن دۆلار، بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاریی بە ناوی "VIA PORT ZAKHO" دانرا.
سەرپەرشتی زاخۆ داوایەک لە وەبەرهێنەران دەکات
گوهدار شێخۆ لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زاخۆ بووەتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، کەرتەکانی وەکوو کارەبا، تەندروستی، پەروەردە و ڕێگاوبان لە سنوورەکەیان زۆر باش پێشکەوتوونە.
ناوبراو داوای لە وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کرد، لە سنووری دەڤەرەکەیان لە بوارە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکەن و گوتی "هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشی وەبەرهێنەران دەکەین؛ تاوەکوو ژێرخانیی ئابووریی زاخۆ بەهێزتر ببێت".
سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جەختی لەوە کردەوە، "لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن و جێبەجێ كردنی ئەو پرۆژانەی پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە، چونکە خەڵکی ئێمە شایستەی ئەو خزمەتەیە کە پێشکەشیان دەکەین".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: چەند پرۆژەیەک گەورە جێبەجێ دەکرێن
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوو و باسی لەوە کرد، بێجگە لەو پرۆژانەی لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوو، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ کراون، چەندین پرۆژەی گەورە و ستراتیجیی دیکە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لەو دەڤەرە جێبەجێ دەکرێن.
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، یەکێک لەو پرۆژانەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، "پرۆژەی دەروازەی زاخۆیە" کە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 10 هەزار و 800 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت و سەدان هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەڕەخسێنێت.
د. محەممەد شوکری گوتی: "هەموو ئاسانکارییەک پێشکەشی وەبەرهێنەر و سەرمایەداران دەکەن تاوەکو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پرۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان جێ بەجێ بکەن. گوتیشی، ئەو بەرەوپێشچوونەی ئێستا لە زاخۆ هەیە، "لە سایەی خەمخۆریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شەونخوونی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەکەیە".
دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.
ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن.
لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، بە گوژمەی زیاتر لە لە230 ملیار دینار، 286 پرۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجی کراون؛ 218 پرۆژە تەواو بوونە و 68 پرۆژە لە جێبەجێکردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و دەچنە خزمەت هاووڵاتییان.
پرۆژەکان بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکاندا دابەش بوون:
* کەرتی شارەوانی و ڕێگا و پرد: 90 پرۆژە
* کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 17 پرۆژە
* کەرتی ئاو و ئاوی ژێرزەوی و چاندن: 45 پرۆژە
* کەرتی تەندروستی: 20 پرۆژە
* کەرتی کارەبا: 33 پرۆژە
* کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار: 16 پرۆژە
* کەرتی فەرمانگەکانی حکومەت و ئەوقاف: 54 پرۆژە
لەو چوارچێوەیەدا، لە سەدا 81 ی شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیڕ کراون و بەرپرسانی ئیدارەکە دەڵێن، لە ئاییندەیەکی نزیکدا شوێنێک نامێنێت قیڕ نەکرابێت.
کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
دوای ئەوەی زاخۆ کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ لەو سنوورە دامەزرێندراون، 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی. هاوکات 16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون .