عێراق نەوتی کەرکووک بە 16 دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕ بە ئوردن دەفرۆشێت

عێراق نەوتی کەرکووک بە 16 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت،  بە ئوردن دەفرۆشێت، کە ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت، لە رێگەی تەنکەرەوە هەناردەی ئوردن دەکات.

ساڵح خەرابشە، وەزیری وزە و سامانە کانزاکانی ئوردن ڕایگەیاند، عێراق ڕازی بووە بە درێژکردنەوەی یاداشتنامەی لێکگەیشتن بۆ پرۆسێسکردنی نەوتی خاو، کە لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا کراوە، تا 26ـی حوزەیرانی 2025، ئاماژەی بەوەش دا نرخی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار لە نرخی برێنت کەمتر دەبێت.

خەرابشە گوتیشی: "بەگوێرەی درێژکردنەوەی یاداشتنامەکە، کە لە 5/4/2023ەوە ئیمزا کراوە، ئوردن دەبێت لە هەر ڕۆژێک 15 هەزار بەرمیل زیاتر هاوردە نەکات، هەروەها نرخەکەشی 16 دۆلار کەمتر دەبێت لە نرخی برێنت، ئەو ڕێژەیەش لە سەدا 10 پێداویستییەکانی ئوردن پڕ دەکاتەوە.

جەختیشیکردەوە "گرنگیی یاداشتەکە بەرزکردنەوەی هاریکاریی ئابووریی نێوان هەردوو وڵاتە، هەروەها  چالاککردنی هاوردەکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی وشکانی نێوان ئوردن و عێراق و بەرجەستەکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانە، ئەمەش بەشداری لە ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر و گەڕاندنەوەی ڕۆڵی ئابووری گرنگی ڕێگاکە دەکات".

ئوردن، نەوتی عێراق لە کەرکووکەوە هاوردە دەکات، کە لە ڕووی کوالیتی و نرخەوە کەمترە لە نرخی نەوتی عێراقی لە باشوور، هەروەها لە ڕووی کوالیتی کەمترە لە نەوتی خاوی برێنت، هاوکات ئوردن تێچووی گواستنەوەی نەوتەکە لەسەر حیسابی خۆی دەدات لە ڕێگەی تانکەرەوە، ئەمەش وا دەکات نرخەکەی 16 دۆلار کەمترە لە برێنت.