عەلی ناسر: پێویستە حکوومەتی فیدراڵی هەڵوەستە لەسەر جیاوازی مووچە بکات
شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراقی ڕایدەگەیەنێت: جیاوازیی نێوان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر بەرزە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵی هەڵوەستەی لەسەر بکات، دەشڵێت: کێشەی جیاوازیی مووچە ساڵانێکە هەیە و درێژەی کێشاوە.
دووشەممە 22ـی تەممووزی 2024، عەلی ناسر شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بابەتی مووچە بابەتێکی ئاڵۆزە و جیاوازییەکی زۆر لەمووچەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، دەڵێت: ئەو مووچەیەی لە بەغدا وەدەگیرێت زۆر زیاترە لەو مووچەیەی دەدرێتە فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان، بە نموونە لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینان کەمترین بڕی 220 هەزار دینارە، بەڵام لە بەغدا 500 هەزار دینار کەمترین مووچەی خانەنشینانە، هەرچەند لە هەردوولا وەک یەک کار دەکەن، دەشڵێت: زۆر دەمێکە ئەو کێشەیە هەیە و بەردەوامە، گفتوگۆی زۆر هەبووە لەگەڵ ئەوەی یاسای خانەنشینان هەیە کە پێویستە تەواوی خانەنشینان لەعێراق وەک یەک مووچە وەربگرن، بەڵام ئەو یاسایە جێبەجێ ناکرێت.
ئە شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە، هەرچەند هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە و یارمەتیدەری ئابووریی عێراقە، لە هەمان کاتدا ڕێگە خۆشکەرە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵا لە کوردستانەوە بۆ عێراق کە بووەتە بووژانەوەی عێراق و پارێزگاکانی، بەڵام هەردوولا وەک یەک، پشک و مووچە وەرناگرن، گوتی: حکوومەتی عێراق هێشتا بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، جۆرێک لە بێ بەڵێنیش هەیە لەلای حکوومەتی فیدراڵی بەرامبەر هەرێمی کوردستان کە خەڵکی هەرێمی کوردستانی بێ هیوا کردووە و بارودۆخی ژیانی ئەوانی خراپ کردووە.
دەڵێت: ئەو کێشەیە زۆر درێژەی کێشا، بەتایبەت لە پێ نەدانی مووچە و دوا کەوتنی مووچە، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی مووچە پێویستە لەلای حکوومەتی عێراقیەوە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، چونکە هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییەکی عێراقیە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق تەواوی پێوسیتیەکانی خەڵکی کوردستان پڕ بکاتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان شۆڕشێکی باشی لە بووژانەوە و بواری خزمەتگوزاریی هەبووە.
ناسر عەلی دەڵێت: جیاوازییەکی زۆر لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، جیاوازییەکانی مووچە لەنێوان وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیش زۆر بەرزە، ئەو پرسە لەنێوان پەرلەمان و حکوومەت ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت وهەر کەس لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە، گوتی: ڕەنگە ئەو کێشانە ناڕەزایی شەقامی لێ بکەوێتەوە.
پێشتر، سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی خانەنشینانی بە هەموواری هاوتاکردن بۆ بەغدا ناردووە، دەشڵێت: هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستی بە 50 ملیار دینارە.
سروە محەمەد گوتی: مووچەی مانگی حەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکردنەوە بەگوێرەی ئەو یاسایەی ئێستا لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، هاوکات ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی دەری کردووە کە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشیوەی بەغدا بکرێت، ئێستا لیستەکە هاتووەتە بەغدا.
دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان هەشتا هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان هەیە بەهەردوو خانەنشینی سەربازیی و مەدەنی، زۆرینەی ئەو هەشتا هەزار خانەنشینە مووچەکەیان لە 220 هەزار دینارە، حکوومەتی عێراقی پێویستی بە 50ملیار دینارە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکات.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، زەمینەسازیی کراوە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانی کوردستان هاوتای بەغدا بکرێت، ئەوەش دوای ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان هەولێر و بەغداوە کرا، ئێمەش وەکو ئەندامانی کوردی پەرلەمانی عێراق، بەر لەوەی دەنگ بدەین بە پرۆژە یاسای بودجەی 2024، کۆمەڵێک کۆبوونە وەمان کرد و و سێ خاڵمان خستە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، یەک لەو خاڵانە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی کوردستان بوو.