سەرۆكی یانەی هەولێر دوایین زانیارییەكان ئاشكرا دەكات

موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر بۆ كوردستان24
موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر بۆ كوردستان24

موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر لە رێگەی كوردستان24 دوایین پێشهات و زانیارییەكان لەبارەی یانەكەی دەخاتەڕوو، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات یەك چركە نەوەستان و بەهێمنی كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دەكەن.
یانەی هەولێر لە ریزبەندی چواردەیەم كۆتایی بەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق هێنا و بڕیاریشە لە رۆژی 20/9ـی ئەمساڵ وەرزی نوێی خولەكە دەست پێ بكات، بەڵام یانەی هەولێر بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست نەیتوانیوە لە گواستنەوەی یاریزانان هیچ جموجۆڵێك بكات، ئەمەش نیگەرانی لای هەوادارانی یانەكە دروست كردووە.
موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر لە رێگەی كوردستان24 بێدەنگی دەشكێنێت و وەڵامی داخوازییەكانی هاندەرانیش دەداتەوە و و لە دەستپێكی قسەكانیدا سوپاسێكی بێسنووری راگەیاندنەكان، هاندەران و راهێنەر و یاریزانان و حكومەتی كرد كە لەو قۆناغە هەستیارەی تێـیان پەڕاند پاڵپشتی یانەكە بوون.

.

 

لەبارەی بێدەنگیان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، سەرۆكی یانەی هەولێر رایگەیاند ئەوان بێدەنگ نین، دەشڵێت: هەر لە رۆژی یەكەمەوە كاری خۆمان كردووە و لەگەڵ راهێنەر و بەشێك لە یاریزانەكان قسەمان كردووە و بە هێمنی كار دەكەن و ناشتوانین هەموو شتێك رۆژانە لە سۆشیاڵ میدیا باس بكەین.
موئەیەد مەغدید گوتیشی: هیچ بەرپرسێكی حكومەت نەماوە ئێمە لەبارەی دابینكردنی سەرچاوە داراییەكانمان قسەمان لەگەڵ نەكرد بێت، پێموایە لەم چەند رۆژە وەڵامێكی ئەرێنیمان دەدرێتەوە و بەشێك لە سەرچاوە داراییەكانمان بۆ دابین دەكرێت.
سەرۆكی یانەی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات زۆربەی یاریزانەكان بە دڵخۆشییەوە ئامادەییان پیشانداوە بۆ مانەوەیان لە یانەكە، دەشڵێت: ئەگەر پارەی پێویستمان لەبەردەست بووایە یەكسەر دەچووینە نێو مامەڵەی گواستنەوەی یاریزانان و دەستمان بە گۆڕانكارییەكان دەكرد، زیاتریش حەزمان لە گواستنەوەی یاریزانی خۆماڵی و نێوخۆییە، بەپێی پێویستیش یاریزانی دەرەوە و پیشەگەر دەگوازینەوە.

.

 

موئەیەد مەغدید ئاشكرای دەكات لەگەڵ چەندان یاریزانی دەرەوە و پیشەگەر گفتوگۆیان كردووە و تەنانەت گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست نەیانتوانیوە گرێبەستەكە واژۆ بكەن، دەشڵێت: یاریزانێكی ناسراوی عێراق زۆر حەزی دەكرد بۆ یانەی هەولێر یاریی بكات و ئێمەش گفتوگۆمان لەگەڵ كرد و چەند رۆژێك چاوەڕێی ئێمەی كرد، بەڵام كێشەی دارایی یانەكە بووە بەربەست لەبەردەم گواستنەوەی ئەو یاریزانە، یاریزانەكەش بە ناچاری پەیوەندی بە یانەیەكی دیكە كرد.
سەرۆكی یانەی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە حكومەت بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی پێداوین، تەنیا لەسەر كات وەستاوە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو گرێبەستی هەموو ئەو یاریزانانە نوێ بكرێنەوە كە راهێنەر پێویستی پێیەتی.
موئەیەد مەغدید هاندەرانی یانەی هەولێر دڵنیا دەكاتەوە كە شەو و رۆژیان خستووەتە سەریەك بۆ ئەوەی تیپێكی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو دروست بكەن، گوتیشی: بەڵێن بە هاندەرانمان دەدەین یەك چركە نەوەستین و بەردەوام لە هەوڵدابین بۆ ئەوەی بەپێی سەرچاوەی دارایی پێویست تیپێكی باش و تۆكمە بۆ وەرزی داهاتوو دروست بكەین.

.

 

لەبارەی ئەو دەنگۆیانە كە لە میدیایەكانی عەرەبی عێراقی بڵاوكراوەتەوە كە باس لەوە دەكەن كە لویس فیگۆ بۆیە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەی هەولێر، لەمبارەیەوە موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر ڕەتی دەكاتەوە كە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی راستی تێدا بێت، گوتیشی: سەیرم بەو هەموو هەواڵە بێسەروبەر و ناراستە دێت كە رۆژانە لەبارەی گواستنەوەی یاریزانان بڵاو دەكرێتەوە، ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ سەرجەم یانەكان هەیە و بۆیە دڵنیابن زۆربەی هەواڵەكان لەبارەی یاریزانەكان ناراستە.

 

Fly Erbil Advertisment