وەزیری پەروەردە پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاندە قوتابییە سێ یەکەمەکانی کەرکووک

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاندووەتە قوتابییە سێ یەکەمەکانی کەرکووک و سوپاسی ئاراستەی خانەوادەکانیان و مامۆستاکانیانیانی کردووە.

ڕۆژی 22ـی تەمموزی 2024، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی، پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی-مان گەیاندە قوتابییان (شانیا شەهاب وەلی، سایە ئیبراهیم خەلیل و لاڤە وریا سەردار) و خانەوادەکانیان، کە سێیەمی پۆلی شەشی ئامادەیی زانستیین، لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە  تێکڕای نمرەی 99.43.

هاوکات وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ هەریەکە لە ئالاء ڕەشید کەریم، بە کۆنمرەی 91.63، یەکەمی پۆلی شەشەمی وێژەیی و سروە ڕزگار حەمە، دووەمی پۆلی شەشەمی وێژەیی لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی بە کۆنمرەی 89.14 و شەهێن بەهائەددین فەتاح، سێیەمی پۆلی شەشەمی وێژەیی لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی لە کەرکوەک بە کۆنمرەی 86.14، قسەی کردووە و پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بە خۆیان و خانەوادەکانیان گەیاندووە.

وەزیری پەروەردە سوپاسی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە بۆ ئەو سەرکەوتنەی لەلایەن قوتابییانەوە لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بەدەستیان هێناوە.

پێشتریش ئالان حەمەسەعید ڕایگەیاند، یەکەم و دووەمی سەر ئاستی هەموو عێراق دوو قوتابیی خوێندنی کوردین لە کەرکووک کە هەریەکە لە کاردۆ فەرحان بە کۆنمرەی 100 و سامان محەممەد بە کۆنمرەی 99.71 لە قوتابخانەی ڕۆشنبیریی کوڕان، ئەو سەرکەوتنەیان بەدەستهێناوە و پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە خۆیان و خانەوادەکانیان گەیاندووە.

Fly Erbil Advertisment