د. سەباح سوبحی: دەستکاری لە گرێبەستە نەوتییەکان دەکرێت

ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "وەزیری نەوتی عێراق پێی ڕاگەیاندووین کە پابەندن بە یاسای بودجە و هەندێک خاڵ هەیە چارە کراوە و هەنگاوێکی باشە بۆ گرێبەستەکان و ڕێکەوتن لەنێوان نەوتی عێراقی فیدرال و کۆمپانیاکان کراوە بۆ ئەوەی دووبارە دەستکاری گرێبەستەکان بکرێن.
سێشەممە، 23ـی تەمموزی 2024، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوت بەندە بە هەڵوێستی وەزارەتی نەوت و غازی عێراقی فیدراڵەوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: دوێنێ گفتوگۆم لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و گاز کرد، پێمی ڕاگەیاند کە هێشتا ماوە دەست بکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، چونکە تا ئێستە یەک دانیشتن کراوە، ئەو دانیشتنەش تا ڕادەیەک باش بووە، بەڵام ڕێک نەکەوتوون لەسەر ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ دەرهێنانی نەوتی کوردستان تەرخانکراوە".
سەباح سوبحی دەشڵێت: "وەزیری نەوتی عێراق گوتی ئێمە پابەندین بە یاسای بودجە و هەندێک خاڵ هەیە ئێمە چارەمان کردووە و هەنگاوێکی باشە بۆ گرێبەستەکان، بۆ نموونە ڕێکەوتن کراوە لەنێوان نەوتی عێراقی فیدرال و کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی دووبارە گرێبەستەکان دەستکاریی بکرێن. دوای ئەوە دەبێتە هەنگاوێک بۆ ئەوەی بتوانین لە پەرلەمان کاری لەسەر بکەین بۆ دەستکاریی یاسای بودجە بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، تاکو کۆمپانیانەش کاری خۆیان بکەن بۆ ئەو شایستانەی پێویستییان پێیەتی، چونکە لە تێچووی دەرهێنانی نەوت هەرێمی کوردستان جیاوازە. لەبەر ئەوە پێویست دەکات تایبەتمەندییەک بدرێتە گرێبەستەکە تاکو بتوانن دەست بە کارەکانی خۆیان بکەن".