خەلیل غازی: ئاگاداری ئەوە نین خشتەکانی بوودجە بەگۆڕانکارییەکانەوە نێردراونەتەوە ئەنجوومەنی وەزیران

خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی کوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێژنەی دارایی ئاشکرای دەکات، ئاگاداری ئەوە نین خشتەکانی بوودجە بەگۆڕانکارییەکانەوە نێردراونەتەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و 14 ترلیۆن زیاد کراوە.

سێشەممە 23ـی تەممووزی 2024، خەلیل غازی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەوان وەکو لێژنەی دارایی ئاگاداری ئەوە نین کە خشتەکانی بوودجە بەگۆڕانکارییەکانەوە نێردراونەتەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دووپاتیشی دەکاتەوە دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو 14 ترلیۆنەی کە لە خشتەکان زیادکراوە، تاوەکو بزانن کێشەکە لەکوێی خشتەکان سەری هەڵداوە.

خەلیل غازی گوتی: وەردبینی لە هەموو خشتەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین لە کوێ و چۆن دەستکاریی کراوە، دەستکاریی لەنێوان ئەنجوومەندا کراوە، لێژنەی دارایی ئەو خشتەی نەبووە کە ئەنجوومەنی وەزیران باسی دەکات و ئەو خشتەیە بۆ ئێمە نەهاتووە، دەشڵێت: ئێمە ئەو خشتەمان ڕەوانەی دەنگدان کرد بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بەر لە دوو مانگ، ئەوە ئەو پرۆژەیە نییە کە چووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، گوتی: لەنێوان سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران ئەو کێشەیە ڕوویداوە.

دەڵێت: قەبارەی بودجەکە بریتی بووە لە 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن دینار،لە بودجەدا کۆی گشتیی داهاتەکان 147 تریلیۆن 836 ملیار دینار و کورتهێنانیش زیاتر لە 64 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە.

دوای نزیکەی دوو مانگ لە پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024، بەشێک لە ژمارە ناو خشتەکان گۆڕانکاریان تێدا کراوە، وەک ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی لێوەدەکات، هەروەها داوای روونکردنەوەش لە پەرلەمان دەکات و پەرلەمانیش بە نوسراو وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران دەداتەوە.ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوێکی لەبارەی دەستکارییەکانی خشتەی بودجە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردووە، کە تێیدا هاتووە، جیاوازی هەیە لەو خشتەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەرلەمانی ناردووە لەگەڵ ئەو خشتەیەی لە پەرلەمان گەڕاوەتەوە ئەنجوومەنی وەزیران بەبێ ئەو گۆڕانکاریانە لە نوسراوی پەراوێزدا ئاماژەیان بۆ کرابێت، ئەوەش خراوەتەڕوو، جیاوازی لە نێوان سێ نوسراوی خشتەکانی بودجەدا هەیە کە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوەتەوە.لە بەرامبەردا، پەرلەمانی عێراق بە نوسراوێک وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی داوەتەوە، رایگەیاندووە، دەنگدان لەسەر خشتەکانی بودجە بە گوێرەی ئەو خشتەیە بووە کە ئاراستەی پەرلەمان کراوە، لەگەڵ پێدانی دەستەڵاتی گواستنەوەی دوو تریلیۆن دینار بۆ بودجەی پارێزگاكان.لەسەر ئەم پرسە موعین كازمی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی لە په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەشێک لە ژمارەکانی ناو خشتەکانی بودجە بەر لەناردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، لە پەرلەمانی عێراق دەستکاری کراوە.ئێوارەی ڕۆژی 3ـی حوزەیرانی 2024 پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار خشتەکانی بودجەی گشتیی 2024ـی فیدراڵی پەسەندکرد، قەبارەی بودجەکە بریتی بووە لە 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن دینار،لە بودجەدا کۆی گشتیی داهاتەکان 147 تریلیۆن 836 ملیار دینار و کورتهێنانیش زیاتر لە 64 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە.

Fly Erbil Advertisment