کچە شەترەنجزانێکی کورد لە مۆسکۆ پلەی سێیەم بەدەست دەهێنێت

K24 – مۆسکۆ:
کچە شەترەنجزانێکی کورد دوای بەشداریکردنی لە پاڵەوانییەتی یاری شەترەنج لە مۆسکۆ و بەدەستهێنانی پلەی سێیەم خەڵات کرا.
ئێڤا هەڤاڵ نزارکی، کچە شەترەنجزانێکی کوردە، لەمیانەی بەشداریکردنی لە پاڵەوانییەتی یاری شەترەنج لە شاری مۆسکۆ، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و خەڵاتکرا.
لە پاڵەوانییەتەکەدا 171 شەترەنجزان لە تەمەن و ئاستی جیاواز بەشدارییان کردووە، ئێڤا هەڤاڵ تاکە کچە کوردە لە پاڵەوانییەتەکەدا بەشداریکرد و توانی لە بەشی Rapid پلەی سێیەم لە پێشبڕکێی کچان بەدەست بهێنێت.
ئێڤا نزارکی لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 ئەوەی خستەروو، شەترەنج یاری دڵخوازی منە. ئەم یارییە گەشە بە لۆژیک و بیرکردنەوە دەدات. ئێڤا دەشڵێت، زۆرجار یاری شەترەنج دەکەم و کاریگەری ئەرێنی بۆ خوێندنەکەم هەیە. شەترەنج یارییەکی تەختەیی زۆر سەرنجڕاکێشە و پێموایە باشترینە، چونکە کۆمەڵێک یاسای تێدایە بۆ چۆنییەتی ئەنجامدانی جووڵەکان، ئەمەش وا دەکات ئاڵۆزتر بێت و پەرە بە سەرنجدانی یاریزانەکان دەدات، چونکە ئەگەر لانیکەم جارێک بە هەڵەدا بچیت، لەوەیە تەواوی یارییەکە بدۆڕێنیت.
باوکی ئێڤا کە خەڵکی شاری دهۆکە و بە سەرکەوتنی کچەکەی دڵخۆشە و دەڵێت، ئێڤا هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای بۆ یاری شەترەنج زۆر بوو. نزیک بە دوو ساڵ دەبێت دەچێتە خولی ئەکادیمی یاری شەترەنج، بۆ ئەوەی لەم یارییە پەرەی زیاتر بە تواناکانی بدات و لە داهاتوودا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداری پاڵەوانیەتی و پێشبرکێکان بکات.
ئێڤا هەڤاڵ نزارکی، تەمەنی نۆ ساڵە و قوتابی قۆناغی سێیەمی بنەڕەتییە و خۆی و خانەوادەکەی لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەژین.
