کەمال وەرتی: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باجی سەر زەوی بەتاڵ و سەموونخانە و نانەواخانەکان ڕادەگیرێت

کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری
کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەند باجێک لەسەر هاووڵاتیان ڕادەگیرێت، کە ئەمەش لە بەرژەونەدی هاووڵاتییان دایە. گوتیشی: لە کابینەی نۆیەمدا هیچ باجێک زیاد نەکراوە، هەروەها داهاتی باجی هەر سنوورێک بۆ خزمەتگوزاریی هەمان سنوور خەرج دەکرێتەوە.

کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری 3393ـی دەرکرد بۆ ئەوەی بەشێک لەو بارقورسییانەی سەر شانی هاووڵاتییان سووک بکات، یەکێک لەو بڕیارانە ڕاگرتنی باجی سەر چێشتخانە و هۆتێلەکانە، ئەوانەی کە نمرە چوار بەسەرەوە بوون کە بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی و بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەپێندرا بوو.

بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوە کرد: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەو بڕیارەی دەرکردووە تا یاساکە لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەموار دەکرێتەوە، هاوکات ئەم بڕیارەش بەڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخەوەی ئێستەی هاووڵاتییان دەرکراوە.

باسی لەوەش کرد: لە خاڵێکی دیکە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە ڕاگرتنی وەرگرتنی باجی سەر سەمونخانە و نانەوخانەکان، بەو پێیەی ئەو شوێنانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، بە تایبەتی چینی هەژار و کەمدەرامەت، هەرچەندە باجەکەیان زۆر نەبوو، بەڵام حکوومەت هەر بڕیاریدا ڕابگیرێت.

ناوبراو باسی لە خاڵی سێیەمی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد و گوتی: ڕاگرتنی باجی سەر نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بە ڕێژەی 5% بوو. بە داخەوە لە ماوەکانی ڕابردوودا بەشێک لە نەخۆشخانەکان ئەو ڕێژە باجەیان دەهاوێشتەوە سەر هاووڵاتییان، بۆیە سەرۆکوەزیران بڕیاری دا ڕابگیرێت.

هەر لەبارەی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانەوە، کەمالی وەرتی ئەوەشی خستەڕوو: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری دا باجی سەر زەوی بەتاڵ، هەڵبگیرێت. لە ماوەکانی ڕابردوودا بەپێی یاسا هەر کەسێک زەوییەکی بەتاڵی هەبووایە لەکاتی کڕین و فرۆشتن 2% باجی لێ وەردەگیرا، کە ئەمەش وای کردبوو نرخی زەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێت.

لە درێژە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: لە کابینەی نۆیەم کار بۆ ئەوە کراوە باج لە قازانج وەربگیرێت، واتە کۆمپانیاکان بە ڕێژەی 15% باج لەسەر قازانجیان وەردەگیرێت، ئەگەر قازانج نەکەن ئەوا هیچ باجێکیان لێ وەرناگیرێت.

لە کابینەی نۆیەمدا هیچ باجێک زیاد نەکراوە

کەمال وەرتی، هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت: هەر بڕیارێک دەربچێت بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتییانە، هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا هیچ باجێک زیاد نەکراوە، تەنیا وەرگرتنی باج بە یاسا ڕێکخراوەتەوە.

هەروەها گوتیشی: "ئەو باجانەی کە ئێستە وەردەگیرێت هەموو لە کۆندا بڕیاری لەبارەوە دەرچووبوون، ئێمە دووبارە ڕێکمان خستووتەوە و ئەو کەسانەشی کە خۆیان لە باجدان دەدزیەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە."

نیان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ئامادەی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانییەکە بوو، پرسیارێکی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد و گوتی: کاریگەری بریارەکەی سەرۆکوەزیران لەسەر خەڵک چۆن دەبێت؟

هاوکات لە وەڵامی پرسیاری نیان بارزاندا، کەمال وەرتی ڕایگەیاند: کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی دەبێت لەسەر جووڵەی بازاڕ و کڕین و فرۆشتنی زەوی و کاروکەسابەتی هاووڵاتییان.

داهاتی باجی هەر سنوورێک بۆ خزمەتگوزاریی هەمان سنوور خەرج دەکرێتەوە

لەبارەی کابینەی نۆیەمەوە بەڕێوەبەری گشتیی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەڵێت: یەکێک لە بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم چاکسازیی و شەفافەیت بووە. زۆربەی داهاتەکانی باج لە هەرێمی کوردستان خراونەتەڕوو و لە زۆربەی کەناڵەکان بڵاو کراونەتەوە.

گوتیشی: کاتێک هاووڵاتی دەزانێت بۆ بەرژەوەندی شارەکەی یان ناوچەکەی خۆی داهاتی باج خەرج دەکرێتەوە زیاتر هاندەدرێت بۆ ئەوەی بچێت باج بدات و داهاتی باجیش ناچێتە گیرفانی هیچ کەسێک.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران بڕیاریداوە لە بەشێک لە داهاتی گەنجینەی هەرێمی کوردستان خۆش بێت لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییان، هەروەها داهاتی باجی هەر سنوورێک بۆ خزمەتگوزاریی هەمان سنوور خەرج دەکرێتەوە.

 

Fly Erbil Advertisment