غازی زەنگەنە: لە هەمواری یاسای باری کەسی لە عێراق ڕەچاوی مافی منداڵ نەکراوە
K24 – هەولێر:
پارێزەرێک، دەڵێت: بنەمای مەزهەبی لە عێراق لە هەمواری یاسای باری کەسی ڕەنگی داوەتەوە، هەروەها لە هەموارەکە ڕەچاوی مافی منداڵ نەکراوە.
غازی زەنگەنە، پارێزەری ڕاوێژکار، لەمیانەی بەشداریی لە گەشی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: یاسا لەدوای ماوەی جێبەجێکردنی پێویستی بە هەموارکردن و گونجانە بەپێی ئەو بارودۆخەی کە هەیە لە کۆمەڵگە، یاسای باری کەسی پێویستی بەوەیە زوو زوو هەموار بکرێتەوە، لە هەرێمی کوردستان یاساکە ساڵی 2008 و 2015 هەموار کراوەتەوە.
ئەو پارێزەرە دەڵێت: تا ئێستە یاساکە لە عێراق هەموار نەکراوەتەوە ئەوەی باسیشی دەکرێت کە هەموارەکە کاردانەوەی شەقامی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەو بڕگانەی کە گۆڕانکاری گەورەی دروست کردووە پەیوەستە بە دووبارە ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە دوای جیابوونەوەی لەگەڵ هاوسەری یەکەم، بڕگەکە بە تەواوی پێچەوانەی مافی مرۆڤ و مافەکانی منداڵە، ئەو بابەتە لە هەرێمی کوردستان چارە کراوە لە چوارچێوەی بڕگەکانی ماددەی 57 لە یاسای باری کەسی هەموارکراو، بە تایبەت کاتێک ئافرەت لە هاوسەرەکی جیا دەبێتەوە مافی بەخێوکردنی منداڵەکەی لەدەستنادات بەو مەرجەی ئەو کەسەی کە هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات ڕەزامەند بێت.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو یاسایە ئەگەر لە عێراق هەموار بکرێتەوە کێشە و گرفت دروست دەکات بە تایبەتی کێشەی کۆمەڵایەتی.
ناوبراو گوتی: حکوومەتی عێراق لەسەر هەموو ئاستەکان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی قووڵکردنەوەی تایفەگەری دەدات، دەیەوێت تایافەیەکی دیاریکراو لە کۆی کایەکان ڕەنگدانەوەی باڵادەستی هەبێت.
بڕیارە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 بکات و بڕیاری هەموارکردنەوە بۆ یاساکە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە بەوپێیەی بەگوێرەی هەموارەکە ئافرەتێک ئەگەر بیەوێت لە پیاوەکەی جیا ببێتەوە دەبێت بەگوێرەی مەزهەبی پیاوەکە بێت واتە ئەگەر پیاوەکە سووننە بێت بەگوێرەی شەریعەتی ئەو مەزهەبە مافەکانی وەردەگرێت ئەگەر شیعەش بێت بەهەمان شێوەی مافەکانی ژنەکە دەستەبەر دەبێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی حامۆرابی یاساکە ڕەتدەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت: ئەم هەموارە هەوڵێکە بۆ پەیوەستکردنی یاسا بە بناغەی تایەفەگەری و شەرعیەتدانە بە لێکترازانی کۆمەڵایەتی کە ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستوورە و پەیوەندکردنی یاساکە بە ئەنجوومەنەکانی فەتوای سووننە و شیعە پێچەوانەی ماددەکانی 19-87-88 ـی دەستوورەو هەڕەشە لەیەکڕیزی و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری دەکات.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات هەمواری یاساکە بەگوێرەی ماددەی 2 بڕگەی "ب" پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە و، پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.