د. محەممەد شوکری: ڕاگرتنی باج کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران، لەسەر لابردنی باج کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت و هەروەها دەبێتە کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی تەمموزی 2024، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران دەربارەی باج، هەموو پرۆژەکانی وەبەرهێنان ئەوانەی وەبەرهێنانیش نین دەگرێتەوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەران دەڵێ، "ئێمە کێشەیەکی گەورەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج هەبوو، بۆ وەرگرتنی باج لەسەر زەوەیە بەتاڵەکانی وەبەرهێنەران، هەر لە پێدانی مۆڵەتی زەوی تەرخانکراو تا دەگاتە قۆناغی کۆتایی پرۆژە، کاتێکی زۆری دەوێت بۆ هەندێک پرۆژە و هەندێکیان دەگاتە چەند ساڵێک تا تەواو دەبێت، هەروەها دەبێت باجی زەوی بەتاڵ بدەن لەسەر بڕیاری کۆنی عێراقی، بەڵام دوێنێ بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارە ڕاگیرا".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی دەشڵێت: "ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەر ئیش و کاری ڕابردوو و داهاتووش هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان و زوو تەواوبوونی پرۆژەکانیش هەیە، بڕیارەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران، بابەتی باج وەرگرتن لە هۆتێلەکانی پێنج ئەستێرە و خواردنگەکان ڕیزبەندی کرابوون کە دەبێت باج بدەن، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاووڵاتییان و ئیشوکار و گەشتیاریش هەبوو، چونکە کڕیار لە چوون بۆ خواردنگەکان و هۆتێلەکان کەمی کردبوو، ئیتر ئەو جیاوازە نامێنێت و هەم خواردنگەو هۆتێلەکان دەتوانن دەرفەتی کار بڕەخسێنن بۆ هاووڵاتییان، هەمیش گەشتیار زیاتر ڕوویان تێ دەکات".
محەممەد شوکری ڕاشیگەیاند، "بڕیارەکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان و ئیش و کاری هاووڵاتییانیش دەکات. هەروەها وا دەکات کار لە داهاتوودا زیاتر ببێت، بۆیە وەکو دەستەی وەبەرهێنان ئەو بریارە لە دوێنێوە تاکو ئەمڕۆ پێشوازییەکی زۆرمان لێ کردووە، کاریگەریشی لەسەر بازاڕی وەبەرهێنەران لە داهاتوودا هەیە".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەران ئەوەشی خستە ڕوو، "بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران دەستەبجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لە دیوان ئەو بریارە هاتووە و هەر دوێنێش بەڕیوەبەرایەتی باجی هەرێمی کوردستان، ئەو بابەتی ڕاگەیاند".
"هەروەها لەماوەی کابینەی نۆیەمدا، 404 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوەتە وەبەرهێنەران". د. محەممەد شوکری وا دەڵێ