عێراق بەبەهای زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار گەنمی لە ئوسترالیا هاوردە کردووە

لە ساڵی 2023 عێراق بەبەهای زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار گەنمی لە ئوسترالیا هاوردە کردووە، لەکاتێکدا بەرهەمی ناوخۆی چوار ملیۆن تۆن بووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "Trademap"، کە نەخشەی بازرگانی بۆ وڵاتانی هەناردەکردن، هاوردەکردن، خواستی نێودەوڵەتی، بازاڕە بەدیلەکان و بازاڕە کێبڕکێکارەکان دابین دەکات، هاوردەی گەنمی عێراق لە ئوسترالیا لە ماوەی ساڵی 2023دا زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بووە.
ماڵپەڕەکە، لە ئامارەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە کە "عێراق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بڕی 996,461 هەزار تۆن گەنمی لە ئوسترالیا هاوردە کردووە، کە کۆی بەهای گەنمەکە دەگاتە 323,479 ملیۆن دۆلار".
ماڵپەڕەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، پشکی عێراق لە هاوردەکردنی گەنمی ئوسترالیا 15% بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا بەرهەمی گەنمی عێراق بۆ ساڵی 2023، چوار ملیۆن تۆن بووە، کە بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ تەنیا پێویستی بە هاوردەکردنی 600 هەزار تۆن بووە.