کەرتی کشتوکاڵی عەفرین لە لێواری نەماندایە
شەڕی ناوخۆی سووریا و داگیرکردنی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن گرووپە میلیشیانەوە بە پشتیوانیی سوپای تورکیا، ژێرخانی کەرتی کشتوکاڵی داتەپاندووە و جوتیارانی کوردیش ڕەنج بەخەسار بوون.
جیا لە باخە زەیتوونەکان، گوندەکانی دەوروبەری عەفرین 12 مانگەی ساڵ چەندین جۆرە بەروبوومی وەرزی بەرهەم دەهێنن و لە بازاڕەکانی سووریا ساغی دەکەنەوە. بەڵام ئەمساڵ، دۆخەکە بۆ جووتیارانی گوندی جەلەمە جیاوازە بیریان نایەتەوە هیچ ساڵێک بەم جۆرە زیانیان کرد بێت. بە تایبەت، لە بەرهەمهێنانی بیبەر، لە کاتێکدا ساڵانە ڕووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکە بە بیبەر دادەچێندرێن.
جوتیارێک بە ناوی جومعە چۆلاق، دەڵێت "ساڵانی ڕابردوو ئاوی پرۆژەکان بەردەدرایەوە بەرهەمهێنانی بیبەر زۆر باش بوو، بەڵام ئەمساڵ کێشەی کەمئاوی، بارانی نا وەخت و گرانیی دەرمانی قڕکەری مێرووە زیانبەخشەکان و گرانیی نرخی پەین لەلایەکی دیکە هەموویان کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر کشتوکاڵ هەبووە، بڕوا بکە ئەمساڵ هەرچی کار و ماندووبوونی کردوومانە بە زیان تەواو دەبێت".
جووتیارانی جەلەمە دەیانەوێت ئەو بڕە بەرهەمەی ئەمساڵ هەیانە کە زۆر لە پێویستییەکانی سنووری عەفرین زیاترە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەک قازانج نەکەن، بەڵکو نەتوانن خەرجییەکانیشیان دەربهێننەوە.
هەروەها ناشتوانن بەرهەمەکانیان ببەنە بازاڕی ناوچەکانی دیکەی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ساغی بکەنەوە، بۆیە دەڵێن ئەگەر دۆخەکەیان بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوە ناچارن دەستبەرداری بەرهەمی بیبەر بن.
عوبێد سەلام سدیق جوتیارێکی دیکەی گوندی جەلەمەیە و دەڵێت : گوندەکەی ئێمە بە بەرهەمی بیبەر بەناوبانگە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بارانی درەنگ وەخت بەشێکی زۆری بیبەرەکان خراپ بوون، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی خەرجی زۆرەوە لە بازاڕەکاندا پارەیەکی ئەوتۆ ناکات، بەم حاڵەشەوە ناتوانین قەرزی بەشێک لەو دەرمانانە بدەینەوە کە زەوییەکانمان پێ ڕشاندووە، هیچ حکوومەت و ڕێکخراوێکیش نییە پشتیوانی و دەستگیرۆیمان بکات".
عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکێکە لەو ناوچە دەوڵەمەندانەی کە بەرهەمی کشتوکاڵی جۆراوجۆری هەیە، بەروبوومەکەی دەگاتە زۆربەی ناوچەکانی سووریا، بەڵام لەدوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پشتیوانیی تورکیا لە ساڵی 2018، هیچ پشتیوانییەک بۆ کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی ناوچەکە نەماوە، بەمەش بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە و ناردنی بەرووبوومەکانیش بۆ دەرەوەی عەفرین ڕاگیراوە.