دوو قوتابیی کورد مەدالیای برۆنزیان لە ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتیی بیرکاری بە دەست هێنا

پێنج قوتابی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداریی ئۆلۆمپیادەکە بوون
پێنج قوتابی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداریی ئۆلۆمپیادەکە بوون

سێ قوتابیی کوردی قوتابخانەکانی عیشق، بەشدارییان لە 65ـەمین ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتیی بیرکاری کرد و دووانیان مەدالیای برۆنزیان بەدەست هێنا.

دوو قوتابیی قوتابخانەکانی سەر بە کۆمەڵگەی پەروەردەیی "عیشق" بە ناوەکانی (عەلی میقداد مەولوود و حاتەم میقداد مەولوود)، توانییان مەدالیای برۆنز لە 65ـەمین ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتیی بیرکاری  (IMO)بە دەست بهێنن.

ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتیی بیرکاری (IMO) گەورەترین ئۆڵۆمپیادی بیرکارییە بۆ قوتابییانی ئامادەیی و هەرساڵێک لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵ بە بەشداریی 109 وڵات لە نێوان 11-22ی تەمموزی 2024، لە بەریتانیا بەڕێوە چوو.

ئەمساڵ، پێنج قوتابیی ئامادەییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (سێ لە هەولێر و دووانیش لە شارەکانی دیکەی عێراق) بەشدارییان لە 65ـەمین ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتیی بیرکاری (IMO) کرد.

قوتابییەکان پێش ئەوەی بەشداریی ئۆلۆمپیادەکە بکەن، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئامادەییەکانیانەوە سێ تاقیکردنەوەی جیاوازیان پێ دەکرێت، واتا بە سێ فێلتەری جیاوازدا تێ دەپەڕن و پێنج لە زیرەکترین قوتابییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێن.

Fly Erbil Advertisment