هۆشداری لە دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار دەدرێت

هاووڵاتییەک بڕێک دینار و دۆلاری لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو هەڵگرتووە
هاووڵاتییەک بڕێک دینار و دۆلاری لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو هەڵگرتووە

K24 – هەولێر:

بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا ستراتیژێکی نوێ بەرانبەر بانکی ناوەندیی عێراق دەگرێتە بەر و مەترسی هەیە بەهای دۆلار بۆ ئاستێکی چاوەڕواننەکراو بەرزبێتەوە.

زیاد هاشمی، شارەزای بواری ئابووری زانیاری نوێ سەبارەت بە سیاسەتی بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا بەرامبەر عێراق ئاشکرا دەکات و پێشبینی دەکات، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبێتەوە، بە بۆچوونی ئەو فشار لەسەر سیستمی بانکی لە عێراق دروست دەکات.

هاشمی ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک زانیاری لە بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، یەدەگی فیدراڵیی ئەمەریکا ستراتیژێکی جیاواز لە ڕێوشوێنەکانی پێشووتر بەرانبەر ئابووریی عێراق دەگرێتەبەر، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی ئەو ستراتیژە، ڕێوشوێنەکان توندتر دەبن و سێ تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرن.

تەوەری یەکەمی ئەو ستراتیژە نوێیە بریتییە لە درێژەدان بە سزادانی ئەو بانکانەی لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان و سزاکان دەمێننەوەو  مامەڵەکردن بە دۆلار لەو بانکانە قەدەغە دەکرێت تا کاتێکی نادیار.

تەوەری دووەمیش جەخت دەکاتەوە لەسەر داخستنی ئەو بانکانەی کە هێشتا ڕێنماییەکانی پەیوەست بە سپیکردنەوەی پارە و بە قاچاخبردنی دۆلار پێشێل دەکەن هەروەها پشتگیری لەو لایەن و وڵاتانە دەکەن کە سزای ئەمەریکا دەیانگرێتەوە.

لە تەوەری سێیەمیشدا، بانکی فیدراڵیی ئەمەریکا کار لەسەر ڕێگریکردن لە دەستوەردانی حکوومەتی عێراق لە دۆسیەی دۆلار دەکات، ئەم دۆسیەیە تەنیا لە دەستی بانکی ناوەندیی عێراق دەبێت.

ئەوی تایبەتە بە تەوەری سێیەم، ئەو واتایە بەرجەستە دەبێت کە بانکی ناوەندیی عێراق کەوتووەتە ژێر کاریگەری سیاسی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لەکاتێکدا کە دۆخی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزەو لەژێر فشاری ناوخۆییدایە بۆ دەستگەیشتن بە زۆرترین بڕی دۆلار.

هەروەها زیاد هاشـی ڕوونی دەکاتەوە، بانکی ناوەندیی عێراق لە توانایدا نییە  ڕێوشوێنەکانی بانکیی فیدراڵی دوابخات و بۆ کاتێکی دوورمەودای گونجاو، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا بتوانێت پارێزگاری لە سیستمی بانکی بکات و هاوسەنگی دینار بەرامبەر دۆلار بپارێزێت.

ئەو شارەزای ئابوورییە ئەوەش دەخاتەڕوو، بانکیی فیدراڵی ئەمەریکا چیدیکە چاوەڕێ ناکات، ڕەنگە لە هەر کاتێکدا ڕێوشوێنە فیدراڵییەکانی جێبەجێ بکات کە ئەمەش دەبێتە خواستێکی کتوپڕ و گەورە بۆ دۆلار لە دەرئەنجامیش دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار و فشارێکی گەورە دەکەوێتە سەر سیستمی بانکیی ناوەندیی عێراق، هەروەها کاریگەری لەسەر ئابووری و سیستمی سیاسی لە عێراق دەبێت.