لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 182 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە

بە ئەلیکترۆنیکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی
بە ئەلیکترۆنیکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی

K24 – هەولێر:

ژمارەی کرێکاری دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، لە شەش مانگدا پارەی نێو سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی نزیکەی 110 ملیار دینار بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی پرۆژەی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان، 51 هەزار پرۆژەی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 182 هەزار کرێکاریش دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد ئەمین حاجی، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 51 هەزار و 215 پرۆژە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و بەراورد بە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، دوو هەزار و 843 پرۆژە زیادی کردووە.

لەبارەی کرێکارانی دەستەبەرکراویش، کۆی گشتیی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە گەیشتووەتە 182 هەزار و 678 کرێکار و بەراورد لەگەڵ کۆتایی ساڵی ڕابردوو 17 هەزار و 51 کرێکار زیادیکردووە، سەبارەت بە ژمارەی کرێکاری خانەنشینکراو 31 کرێکار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 957 کرێکار.

هاوکات محەممەد ئەمین حاجی ڕایگەیاند، پارەی نێو سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە یەک ترلیۆن و 161 ملیار و 686 ملیۆن و 175 هەزار و 808 دینار، لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی 2023 تەنیا یەک ترلیۆن و 51 ملیار و 671 هەزار و 776 دیناری تێدا بووە.

Fly Erbil Advertisment