بەهای لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین

K24 - هەولێر:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهای لیرەی تورکی دابەزی و بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد.
ڕۆژی هەینی 26ـی تەمموزی 2024، بەهای یەک دۆلار بۆ 33.15 لیرەی تورکی بەرزبووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهای یەک یۆڕۆ بەرانبەر بە لیرە بۆ 36 لیرە بەرزبووەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێشتر بەهای یەک دۆلار بەرانبەر 33 لیرە بوو، بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی لە تورکیا بووەتە هۆی دابەزینی بەهای زیاتری لیرە و هەڵاوسان لەو وڵاتە.
بەپێی پێشبینییەکانی بانکی ناوەندیی تورکیا، تا کۆتایی ئەمساڵ هەڵاوسان دەگاتە بەرزترین ئاست و دواتر دادەبەزێت.
هاوکات ئامارە فەرمییەکان ئەوەیان دەرخستووە، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی حوزەیراندا بۆ 71.60 دابەزیووە لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا 75.45% بووە.
بەڵام پێش چەند ڕۆژێک محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینەی و دارایی تورکیا لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) بڵاویکردەوە: هەرچەندە پێشبینی دەکەن ڕێژەی هەڵاوسان لە مانگی تەمموز بەرزبێتەوە، ئەمەش لە دەرئەنجامی هۆکارە کاتییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکەن هەڵاوسانی ساڵانە دابەزێت.