لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، دوو جار بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کراوەتە ئامانج

جارێکی دیکە بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق. ئەم هێرشەش لە کاتێکدایە لە 23ـی تەمموز هەردوو شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق و ئەمەریکا لە واشنتن کۆبوونەوە و جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگی نێوانیان کردەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراق نەکرد.

لەماوەی کەمتر لە دوو هەفتە بۆ دووەمجار، بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق کرایە ئامانج. ئەمجارەیان بە مووشەک لێی درا، بەڵام بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی عێراقی و ئەمەریکی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و بنکەکەش زیانی بەر نەکەوتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، 23ـی تەمموز هەردوو شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق و ئەمەریکا لە واشنتن کۆبوونەوە، جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوانیان و گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانان کرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەکرا. لەکاتێدا گرووپە چەکدارەکان لە عێراق داوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکە دەکەن.

دەستپێکی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا و ئوردن، بۆ سەر بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا، دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس بوو، ئەوەش وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەڵەستین.

لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 25ـی تەمموز، زیاتر لە 170 هێرش کراونەتە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرسێ وڵاتی عێراق، سووریا و ئوردن.

لەو ژمارەیەش 71 هێرشیان لە عێراق بوون، بۆ سەر بنکەکانی ‌عەین ئەسەد، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هەریر، زیاتر لە 100 هێرشی دیکەشیان لە سووریا کردووەتە سەر هەریەک لە کێڵگەی کۆنیکۆ، کێڵگەی عومەر، بنکەکانی شەدادێ، تەنف، رمێلان، تەل بەیدەر و تەل تەمر، هێرشێکی دیکەشیان لە ئوردن بوو، کە بە درۆن بنکەی تاوەر 22یان بۆردومان کرد، لەم هێرشەشدا زیانێکی زۆری گیانی هەبوو، بەهۆیەوە 50 سەربازی ئەمەریکی بوونە قوربانی.