کوردستان، کێڵگە ناوازەکەی هەڵەبجە!

هاووڵاتیەکی دانیشتووی هەڵەبجە، لە کێڵگەیەکی 115 دۆنمیدا، زیاتر لە 120 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێنێت، چوارساڵیشە ئەو کێڵگەیەی بۆ بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆیی دروست کردووە و بە گوتەی خۆی، ڕۆژانە زیاتر لە هەزار و 500 کەس سەردانی  کێڵگەکە دەکەن.

تایبەتمەندی ئەو کێڵگەیە ئەوەیە، هەر کەسێک حەز بە بەرهەمی ناوخۆیی بکات، خۆی دەچێتە ناو کێڵگەکە و بە دەستی خۆی لێی دەکاتەوە و بە نرخێکی گونجاو دەیکڕێت و بووەتە شوێنێکی تەواو گەشتیاری و خەڵك بۆ گەشت بۆی دەچن .

دەمە و ئێوارەیە و سنەوبەر هاتوەتە ناو ئەم کێڵگەیە، یەکەمجار نیە دێتە ئێرە، هەر بەرهەمێکی ڕۆژانەی پێویست بێت، لەم کێڵگەیە  بە دەستی خۆی لێی دەکاتەوە، بەرهەمەکانیش گەیشتوو و تازەن، سەبەتەی دەستی پڕ کردووە و  دواتر دەچێتە بەشەکانی تری کێڵگەکە، ئەو هەست بە خۆشیەک دەکات لە کاتی لێکردنەوە و ڕنینی بەرهەمی کشتوکاڵی لەم کێڵگەیەدا، جیا لەوەش دەڵێ، میوانم بێت یەکسەر دەیانهێنم بۆ ئێرە.

سنەوبەر ستار، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم کێڵگەیە یەکێکە لەو شوێنە گەشتیارییە جوانانەی دەڤەرەکە، کە بەدەستی خۆت بەرهەمەکە لێ دەکەیەوە، هەروەها حەزت لەچ جۆرە بەرهەمێک بێت تێیدایە وەک، تەماتە، کولەکە، باینجان و ترێ و هەموو جۆرە بەرهەمێکی دیکە، گوتیشی: سروشت و ئاوهەوایەکی زۆر خۆشی هەیە، مامەڵەکردنی ستافی کێڵگەی کوردستان زۆر باشە".

 کێڵگەکە، یەکەمین هەفتە بازاری کشتوکاڵییە لە سەر ئاستی عیراق، لە سەر 115 دۆنم دروست کراوە، و بە گوتەی خاوەنەکەی چوار ساڵە دروستی کردووە، ڕۆژانە 1500 کەس سەردانی  دەکات، بیرۆکەی دروستکردنی بۆ بایەخدان بووە بە بەرهەمی ناوخۆیی، بە دەم قسەکردنەوە چەندین جۆر بەرهەمی ناوازەی کشتوکاڵی بە ڕەنگ و قەبارەی جیاواز نیشان دەدات و دەڵێت: پێشنیاز دەکەم ئەم جۆرە کێڵگەیە لە هەموو کوردستان دروست بکرێ

حامید ئیسماعیل، خاوەنی کێڵگەکە دەڵێت: "ئێمە خاوەن بیرۆکەکەین، یەکەمین کەس بووین کە توانیمان دەرگای کێڵگەکەمان بەڕووی گەشتیاراندا بکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو بەرووبوومانەی کە هەمانە، بەدەستی خۆیان لێی بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان گەشتیار و جووتیار".

ئاماژەی بەوەش کرد، "سەردانی کردنی گەشتیاران بۆ ئەوەیە هاووڵاتیان دڵنیا بن لەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەرهەمێکی باش و ئۆرجینالە، هەروەها هەر جووتیارێک لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان پێویستی بەو بنەتۆ و بیرۆکانەی ئێمە بێت لە خزمەتیان دادەبین".

لەم کێڵگەیە کە بە شێوازی کوردەواری دروستکراوە جیا لە بەرهەمی کشتوکاڵی، جۆرەها خواردنی کوردەواری  وکاری دەستی تێدایە و شوێیێکە بۆ ئارامی و حەسانەوە.