شارەوانیی هەولێر: کارەکانی ڕووپێوکردن لەسەر زەوییەکانی فەرمانبەران خێراتر دەکرێن

K24 – هەولێر:
سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند: تیمی ئەندازیاری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ڕاسپێردراون بە چڕتڕکردنەوە و کاری بەردەوامی هەنگاوەکانی ڕووپێوکردنی زەوییەکانی فەرمانبەران.
سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا: سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە ئامانجی خێراکردنی کارەکانی ڕووپێوی، تیمی ئەندازیاری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێری ڕاسپارد بە چڕتڕکردنەوە و کاری بەردەوامی هەنگاوەکانی ڕووپێوکردنی زەوییەکانی فەرمانبەران و پڕۆسەی دەستنیشانکردنی نەخشەکان لە نزیکترین کاتدا .
ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.
دووشەممە 22ـی تەممووزی 2024، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ڕێکاری یاسایی زەوی و پارچە زەویی بەسەر فەرمانبەراندا لەلایەن سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان کۆتایی هاتووە و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، تەنها کاروباریی یاسایی زەوییەکان ماوە.