چین بووەتە باشترین بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی نەوتی ئێران

بازرگانی نەوتی ئێران
بازرگانی نەوتی ئێران

سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا، بەڵام دووەم ساڵە چین بووەتە بازاڕێکی پڕ داهات بۆ ساغکردنەوەی نەوتی ئێران، ئەمەریکاش بەنیازە بە سەپاندنی باج، سزا بخاتە سەر ساغکردنەوەی نەوتی ئێران.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری کۆمپانیای ڕاوێژکاری و شرۆڤەی بازاڕی نەوت (ڤۆرتێکسا) کە چاودێریی نەوتهەڵگرەکان دەکات، بڵاوی کردووەتەوە "لە نێوان مانگی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکوو حوزەیرانی 2024، بەگشتی 23 بار کە دەکاتە 45 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران گەیشتووەتە بەندەر و پاڵاوگەی دالیانی چین".

کۆمپانیای کیپلەریش ڕایگەیاندووە، چین لە هەمان ماوەدا 34 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی بۆ بەندەری دالیان هاوردە کردووە.

ئەو ئامارانە دەکاتە 124هەزار تا 164 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە بەرانبەرە لەگەڵ 13%ی سەرجەم نەوتی هاوردەکراوی چین لە ئێرانەوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری شرۆڤەکارانەوە مەزندەی کردووە، چین ڕۆژانە 1.2  تاوەکوو 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە و کۆمپانیای ڤۆرتێکساش ڕایگەیاندووە، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023دا گەیشتووەتە ڕیکۆردی 1.52 ملیۆن بەرمیل لە هەر ڕۆژێکدا.

وەزارەتی دەرەوەی چینیش بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە چوارچێوە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام پەیوەندیی ئاسایی و یاساییی خۆیان لەگەڵ ئێران پاراستووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا دوای ئەوەی لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران دەرچوو، سزای توندی بەسەر پیشەسازیی نەوتی ئەو وڵاتەدا سەپاند. سەرباری ئەوەش بازرگانانی چین بە دروستکردنی بەڵگە بە ناوی عومان و ئیمارات و مالیزییەوە بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ، نەوتی ئێران بۆ وڵاتەکەیان هاوردە دەکەن.

کابینەی جۆو بایدن، سەبارەت بە پیشەسازیی نەوتی ئێران نەرمیی نواندووە، بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییدا لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، دوای چەندین مانگ گفتوگۆ دەربارەی ئێران لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، پرۆژە بڕیاری ''باج دژی تیرۆر''ی ئامادە کردووە.

لیندزی گراهام نووسیویەتی "بەپێی ئەو پرۆژە بڕیارە، ئەو وڵاتانەی لە ڕێگەی کڕینی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانەوە دەبنە هۆی بەهێزیی ڕژێمی ئێران، دەبێ باجی کارەکەی خۆیان بدەن و بۆ ئەوەش هیچ تێچوویەک باشتر لە دانانی باج لەسەر ئەو کاڵایانە نییە کە ئەو وڵاتانە هەناردەی ئەمەریکای دەکەن".

Fly Erbil Advertisment