جووتیارێک: بەهۆی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، ڕۆژانە یەک ملیۆن دینار زەرەر دەکەین
کردنەوەى مەرزەکانى حکوومەتى عێراق بە ڕووى ئێراندا بۆ هاوردەکردنى خەیار، نرخى خەیارى لە عەلوەى سلێمانى بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزاندووە، بە جۆرێک ئێستا کیلۆیەک خەیار لە نێوان 150 بۆ 200 دینار دەفرۆشرێت.
ڕۆژانە بەرهەمى جووتیاران لە عەلوەى سلێمانی ساخ دەبێتەوە و بۆ بازاڕەکان دەنێردرێت، بەشێکى زۆرى ئەم بەرهەمانە هەناردەى پارێزگاکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراق دەکرێت؛ بەڵام چەند يۆژێکە خەیار بە نرخێکى زۆر کەم دەفرۆشرێت، چونکە حکوومەتى عێراق، مەرزەکانى بەڕووى ئێراندا کردووەتەوە.
توانا سدیق، یەکێکە لەو جووتیارانەى ڕۆژانە چەندین تۆن بەرهەمى خەیار دەهێنێتە عەلوەی سلێمانی و کیلۆیەکى بە 150 بۆ 200دینار دەفرۆشێت لە کاتێکدا لەسەر خۆى 350 دینار دەکەوێت. بڕیارەکەى حکوومەتى عێراق وای کردووە ڕۆژانە توانا و چەند جووتیارێکى دیکە زیاتر لە ملیۆنێک دینار زیان بکەن .
توانا دەڵێت: ئێمە کێشەمان لە بەرهەمهێنانی ڕزقەکەمان نییە، بەڵام کێشەمان لە ساغبوونەوەی ڕزقەکەمانە. بەهۆی هاوردەکردنی خەیاری ئێران، ڕزقەکەمان هیچ پارەیەک ناکات. لە کاتژمێر 08:00 و 09:00ـی بەیانی تاوەکوو 04:00ـی ئێوارە هیچ شتێکمان بۆ ساغ نابێتەوە.
بە پێى ڕێککەوتنى هەردوو وەزارەتى کشتوکاڵى حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لە 15ی نیسانی هەموو ساڵێک ڕۆژنامەی کشتوکاڵی دەردەچێت بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنى هەندێ بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ پاڵپشتی جووتیاران. بەڵام حکوومەتى عێراق لە مانگى موحەڕەم و یادى عاشورادا، مەرزەکانى بە ڕووى ئێراندا دەکاتەوە و پێش کردنەوەى ئەو مەرزانە، ڕۆژانە 500 بۆ 600 تۆن خەیار ساغ دەبوەەوە و کیلۆیەک خەیار بە 500 دینار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا 150 بۆ 200دینار دەکات؛ ئەگەر کیلۆیەک خەیار لە 400 دینار کەمتر بفرۆشرێت، ئەوا زیان بە جووتیاران دەگات.
سەروەر عەلى، سەرۆکى لیژنەى کشتوکاڵى عەلوەى سلێمانى بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێش ئەوەی دەروازەکان بە ڕووی هاوردەکردنی بەرووبومی ئێرانیدا بکرێتەوە، کیلۆیەک خەیار 700 دینار بۆ 750 دینار بوو. بەروبومەکانمان تەنها لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەبێتەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە ناڕوات، ئێستا لەبەر هاوردەکردنی خەیاری ئێرانی بۆ بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، خەیارممان لێرە بەسەردا کەڵەکە بووە و نافرۆشرێت".