سەقامگیریی، سروشت و مێژووی کوردستان فاکتەری سەرەکین بۆ ڕاكێشانی سینەماکارانی بیانی
ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو ژینگە لەبارەی لە هەرێمی کوردستان لە لایەنی سروشت و سەقامگیرییەوە هەیەتی لەگەڵ ئەو شوێنەوارە مێژووییەکانی فاکتەری باش بوون بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و سینەماکاران بۆ ئەوەی فیلمەکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەربهێنن.
ئاریان سەلاحەدین گوتیشی: لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانەوە درێغیی نەکردووە و لە هەموو ڕووێکەوە بایەخی بە فەرهەنگ و هونەر و ڕۆشنبیریی داوە، بە تایبەتیس هونەری سینەما. هەر ئەمەش وای کردووە لە ماوەی تەمەنی ئەم کابینیەدا سەرەڕای قەیرانەکانی دارایی و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەڵام چوار فێستیڤاڵی گەورەیی سینەمایی سازکراون و لە هەر چوار فێستیڤاڵەکەشدا جگە لە سینەماکارانی ناوخۆ، ئەکتەر و دەرهێنەرانی سینەماکاری بیانیی و ناوچەیی بانگهێشت کراون و جێگەی خۆی گرتووە و سەرنجی سینەماکارانی بیانی ڕاکێشاوە.
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە 2021 و لە هەشتەمین فێستیڤاڵی فیلم لە دهۆک ئاماژەیدا "سروشت و ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە نێو فیلمە جیهانییەکان سروشتێکی جوان و لەبارەی هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی سینەماکارانی بیانی بۆ ڕابکێشرێنت". بە دڵنیاییەوە تاوەکوو ئێستا چەندین کۆمپانیا و سینەماکار و بەرهەمهێنەری دیاری فیلمی سینەمایی هاتوون و لە داهاتووشدا سینەماکاری دیکەش دێن بۆ سوود بینین لە سروشت و پێگە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاریان سەلاحەدین ئاماژەی دا "جگە لە سروشت و شوێنەوارە مێژووییەکان، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی دیکەیە بۆ ڕاکێشانی سینەماکاران و کۆمپانیا نێودارە نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم تاکوو بێنە هەرێمی کوردستان و ئەوەی کارە هونەرییەکانیان لێرە بکەن".
