بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر: پێنج بنکەمان بۆدابەشکردن و وەرگرتنەوەی فۆرمی دابەشکردنی زەوی دروست کردووە
بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر ئاشکرای دەکات، فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان پێیان گەیشتووە، بۆ ئەوەی لە کاتی دابەشکردنی فۆرمەکان قەرەباڵغی لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر دروست نەبێت، پێنج بنکەیان هەر لەنێو هەولێر دروست کردووە بۆ ئەوەی فۆرم بە مامۆستا و فەرمانبەران بدەن و لێشیان وەربگرنەوە.
لە سنووری پەروەردەی هەولێر دەست بە دابەشکردنی فۆرمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و مامۆستایان کراوە، دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سنووری پەروەردەی ناوەندی هەولێر 18 هەزار و 24 مامۆستا و فەرمانبەر هەن، لە پێنج بنکەی جیاواز دەست بە دابەشکردنی فۆرمەکان کراوە و ڕۆژانی دواتریش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
دلێر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد: لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بە مووژدەی دابەشکردنی زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، فەرمانی دابەشکردنی زەویان بۆ هاتووە، دەڵێت: ئێمە لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر لێژنەی تایبەتمان دیاریی کردووە بۆ ڕایی کردنی کاروبارەکانی دابەشکردنی فۆرمەکان و وەرگرتنەوەیان، دەشڵێت: بەهۆی زۆریی میلاکی فەرمانبەران و مامۆستایان کە 18 هەزار و 24 کەسە، پێنج بنکەیان لەشاری هەولێر دروست کردووە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لەنێو پەروەردەی ناوەندی هەولێر دروست نەبێت، گوتی: ڕێنماییەکان و فۆرمەکان بۆ کارگێڕی قوتابخانەکان بە سیستەم ناردراون بۆ ئەوەی دابەشی بکەن و کۆیان بکەنەوە، کاتمان بۆ دیاریی کردوون بۆ ئەوەی فۆرمەکان ودابەش بکەن و زانیارییەکانیان بە مامۆستایان و فەرمانبەران بدەن، دواتر فۆرمەکانیان لێ وەربگرنەوە.