پیسی ئاوی رووباری سێن یارییەکانی ئۆڵمپیکی دواخست
بەهۆی پیسبوونی ئاوی رووباری سێن لە پاریس، وەرزشوانانی ئۆڵمپیک نەیانتوانی لە راهێنانەکانیان بەردەوام بن و راهێنانەکانیان دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی پێشبڕکێی ترایسلۆن دواخرا، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری وەرزشوانان.
پێش دەست پێکردنی یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024ـی پاریس، رەخنەیەکی زۆر بەهۆی پیسی ئاوەکانی رووباری سێن لە رێکخەرانی ئۆڵمپیک گیرا، بەڵام سەرۆک شارەوانی پاریس هەموو دەنگۆیەکی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئاوی رووباری سێن هیچ کێشەیەکی نیە، کەچی دوێنێ یەکشەممە بەهۆی پیسبوونی ئاوی رووبارەکە، وەرزشوانانی بەشدار بوو لە ئۆڵمپیک نەیانتوانی لە راهێنانەکانیان بەردەوام بن.
رێکخەرانی ئۆڵمپیکی 2024ـی پاریس، دوای گلەیی وەرزشوانەکانی ئاوەکەیان تاقیکردەوە و دەرکەوت، بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لە پاریس باریوە، ئاوەکە پیسبووە و بە کەڵکی راهێنان کردن ناهێت، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان پێش دەستپێکردنی رکابەرییەکانی ترایسلۆن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
دەستەی کەشنانی پاریس لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو کەش و هەوا ئاسایی دەبێتەوە و باران بارینیش دەوەستێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە بارودۆخی ئاوی رووباری سێنیش ئاسایی دەبێتەوە و وەرزشوانانی یاریی سیانە هیچ کێشەیەکیان نابێت.
روباری سێن لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەهۆی پیسی ئاوەکەی نزیکەی 100 ساڵە مەلەوانی کردن تێدا قەدەخە کراوە، بەڵام حکومەتی فەڕەنسا لەوەتەی ساڵی 2015 زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆی لە پرۆژەی رووبارەکە خەرجکردووە، بۆ ئەوەی بۆ یارییەکانی ئۆڵمپیک ئامادە بکرێت.
بڕیارە سبەی سێ شەممە کاتژمێر نۆی بەیانی بە کاتی پاریس، پێشبڕکێیەکانی یارییە سیانەکان لە رووباری سێن دەست پێ بکات و رێکخەرانی ئۆڵمپیکیش لە هەوڵی ئەوەدان، چەند کاتژمێر پێش دەست پێکردنی پێشبڕکییەکە کێشەی پیسی ئاوی رووباری سێن چارەسەر بکەن.