سۆران.. هۆڵی پێشوازی لە دامەزراوە حکوومییەکان دروست دەکرێت

هۆڵی تایبەت بە پێشوازی سەردانیکەران لە ده‌زگایەکی میریی سۆران
هۆڵی تایبەت بە پێشوازی سەردانیکەران لە ده‌زگایەکی میریی سۆران

K24 – سۆران:

له ‌سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران بۆ ڕێزگرتن له‌ سه‌ردانیكەرانی ده‌زگا میرییه‌كان پرۆسه‌ی دروستکردنی هۆڵی پێشوازی له‌و ده‌زگایانه‌ ده‌ستی پێ كردووه،‌ كه‌ ڕۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی سه‌ردانیان ده‌كه‌ن.

ئیبراهیم چۆمان، سەردانیکەر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: خەڵکی دادەنیشن و پشوو دەدەن شوێنەکە باشە، لە ڕووی سیستەمیش دادپەروەری باشی تێدایە و کەس پێش کەس ناکەوێت قەرەباڵغی دروست نابێت و ببێتە پاڵ پاڵین هەرکەس بۆخۆی بچێتە ژوور.

باسی لەوە کرد: هەر کەسە و کۆدی خۆی دیارە دوای خوێندنەوە دەچێتە ژوورەوە و شتێکی زۆر باش و دادپەروەرانەیە بەڕاستی.

به‌شی زۆری ده‌زگا میرییه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان هۆڵی هاوشێوه‌یان بۆ دروستكراوه‌، پلانیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ش دروست بکرێن کە ڕۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

لای خۆیەوە هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو شوێنەی خانەنشینان مووچەی تێدا وەردەگرن دەست بە دروستکردنی هۆڵی پێشوازی کراوە، هاوکات هۆڵەکەی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی تەواو بووە دەستمان بە هی بەڕێوەبەرایتی پەروەردەش کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد: بە بەرنامەیەکی تۆکمە هەموو ئەو فەرمانگانە دەبێت شوێنی چاوەڕوانیکردنی هاووڵاتییان شوێنێکی گونجاو بێت لە هەموو ڕووێکەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتی کە سەردانیان دەکات هەست بکات کە بەهەند وەرگیراوە تاوەکوو کارەکانیان ڕایی دەکرێن.

له ‌سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران تا ئێستە هه‌شت ده‌زگای میری به‌گوژمه‌ی (232)ملیۆن دینار هۆڵی شایستەی تایبەت بە پێشوازیان سەردانیکەرانیان بۆ دروستكراوه ‌و پرۆسه‌كه‌ش درێژه‌ی ده‌بێت.

بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگەی کوردی مێوان ڕێز لێ گیراو بووه‌، لە چوارچێوەی ئەم تێڕوانینە سۆران ئەم کولتوورەی گواستووەتەوە بۆ دەزگا میرییەکان و لێرە بەدواوە سەردانیکەران بە چاوی میوان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment