شاندێکی بازرگانیی پارێزگای قەزوین لە هەولێرن
K24 - هەولێر:
شاندێكی ژووری بازرگانی پارێزگای قەزوین سەردانی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی ھەرێمی كوردستانی لە ھەولێر كرد و تاوتوێی فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا دەکەن.
لەلایەن خۆیەوە، ڕەسوول حاجی عومەر، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند: "شاندە بازرگانییەكە پێكھاتووە لە 50 كۆمپانیا لە بواری جیاواز، دەیانەوێت بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر بكەن".
ڕەسوول حاجی عومەر گوتیشی: شاندەكە داوای ھەماھەنگی بازرگانییان كردووە و ئێمەش لە یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە.
هاوکات مەهدی عەبدیان، سەرۆکی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پارێزگای قەزوین کە بە یاوەریی شاندێکی بازرگانیی ئەو پارێزگایە سەردانی هەولێری کردووە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند زیاتر لە یەک لەسەر سێی بەرهەمەکانی پارێزگای قەزوین هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەر بۆیە بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و کردنەوەی پێشانگەیەکی تایبەت بە بەرهەمەکانی پارێزگاکەیان سەردانی هەولێریان کردووە.
مەهدی عەبدیان گوتیشی: "شانازیی ئەوەم هەیە بۆ دانوستان سەبارەت بە هاوکاریی بازرگانیی دوولایەنە و هەروەها بۆ کردنەوەی پێشانگەیەکی بەرهەمەکانی پارێزگاکەمان، لەگەڵ شاندێک هاتووین بۆ هەولێر. لێرەوە داوا لە هاووڵاتییان و بازرگانان دەکەم سەردانی پێشانگەکە بکەن و بەرهەمەکانی پارێزگای ئێمە ببینن".
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پارێزگای قەزوین: لە 15 ساڵی ڕابردوودا، 50٪ـی بەرهەمەکانی پارێزگای قەزوین هەناردەی عێراق کراوە. 70٪ـی ئەو بەرهەمانەی هەناردەی عێراقیان کردووە، هاتووەتە هەرێمی کوردستان. بەو پێیەش یەک لەسەر سێی هەناردەی پارێزگای قەزوین بۆ هەرێمی کوردستان بووە.
مەهدی عەبدیان باسی لەوەشکرد: پارێزگای ئێمە 21 کۆمەڵگەی پیشەسازیی تێدایە. 3740 کارگەی پیشەسازیی بەرهەمهێنەرمان هەیە. 1050 کۆمپانیا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گوڵ و سامانی ماسیدا چالاکی دەکەن. هەروەها 360 کانگای چالاکمان لە پارێزگاکەمان هەیە. 60٪ـی مەوادی خاوێنکردنەوەی ئێران و 50٪ـی کاشی و سیرامیک و 50٪ـی کشمیش و زەیتوونی ئێران لە پارێزگای ئێمە بەرهەم دێت.