حکوومەتی عێراق بڕیاری لێبڕینی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ دەکات

K24 – هەولێر:
عێراق بەشێک لە مووچەی مامۆستایان دەبڕێت بە بیانووی هەڵمەتی نیشتمانی دروستکردنی قوتابخانە و ئەمەش ناڕەزایەتی ئەو توێژەی لێکەوتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان کەمترین مووچەیان هەیە و ستەمیان لێدەکرێت.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق کە ئاراستەی هۆبەکانی مووچەی سەر بە وەزارەتەکەی کردووە، داوای کردووە بڕێک لە پارەی هەموو مووچەخۆرانی وەزارەتەکەی ببڕێت بۆ کۆکردنەوەی پارە لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ دروستکردنی قوتابخانە و باخچەی منداڵان.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، هەموو فەرمانبەران و مامۆستایانی میلاکی هەمیشەیی بڕی 10 هەزار دیناریان لێ دەبڕێت، هەروەها فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست و یەکەمەکان بڕی چوار هەزار دینار لە مووچەکەیان دەبڕیت، هاوکات بڕی شەش هەزار دیناریش لەوانە دەبڕێت کە لە پاشکۆی 2020 (133) دامەزراون.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق ئەو لێبڕینەوەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی دیاریکردووە لە مانگی ئابەوە تاوەکوو کۆتا مانگی ئەمساڵ دیاریکردووە بەڵام ڕوونی نەکردووەتەوە، ساڵی داهاتوو لێبڕینی مووچە بەردەوام دەبێت یاخوود نا، بەڵام ڕوونی کردووەتەوە،
کە جێبەجێ کردنی بڕیارەکە لە ساڵی 2020ـەوە جێبەجێ دەکرێت، واتە بەشێوەی پاشخان، لێبڕین مووچەکانی ئەو ماوەیەش دەگرێتەوە.
لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەش، مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق ناڕەزایەتی دەردەبڕن و ئەو بڕیارە بە ستەمکردن لێیان وەسف دەکەن و ڕایانگەیاندووە: ئەو بڕیارە توێژێکی کردووەتە ئامانج کە خاوەنی کەمترین مووچەن.

