ئومێد سەباح: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆی لە هەموو کەس بە خەمخۆرتر دەزانێت بۆ سلێمانی و هەڵەبجە

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، دەڵێت: بەغدا بەبێ کێشە مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی دەنێرێت، هاوکات کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی سەربازیش تا ڕادەیەکی باش چارە کراوە. جەختی لەوەش کردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆی لە هەموو کەس بە خەمخۆرتر دەزانێت بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و داوای کردووە بۆ خزمەتگوزاری پێش بخرێن.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: "دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی کرد و لە دیوانی پاریزگاکە لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان کۆبووەوە، گوێی لە هەمووی لە خواست و داواکارییەکان گرت، ئێمەی ڕاسپارد کە لە خزمەت ئەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆییانە دابین، لە ماوەی یەک مانگدا توانیمان داواکارییەکانیان جێبەجی بکەین."

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆی لە هەموو کەس بە خەمخۆرتر دەزانێت بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هاوکات دەڵێت: "جەنابیان ئێمەی ڕاسپاردووە کە دەبێت سلێمانی، هەڵەبجە ڕاپەڕین و گەرمیان بۆ خزمەتگوزاری پێشبخرێن و، هەرکاتێک دەرفەت هەبێت ئامادەین بۆ خزمەتکردنیان."

لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە ئەمڕۆ دراون، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕایگەیاند: ئەو بڕایارانەی کە دراون لەسەر ئاستی کارێگڕی و زیاتر پێدانی دەسەڵاتە. بڕیارەکانی بواری داراییش لە ڕووی بۆ زیادکردنی نەسرییە و میلاکاتە. هەروەها بڕیار بۆ چارەکردنی کێشەی زەویوزارەکانی ئەم سنوورە دەرکرا، کە توانراوە کێشەکان دیاری بکرێن و چارەی پێویستیان بۆ بدۆزرێنەوە.

20%ـی داهاتی دەروازەی هەڵەبجە بۆ هەڵەبجە دەبێت

ڕاشیگەیاند: "لە سنووری سلێمانی پرۆژەیەکی زۆر کارەکانی تەواو نەبوونە و وەستاون، بۆیە ئەمڕۆ بڕیاری پێویستی لەسەر دراوە و هیوادارین ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک."

لەبارەی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژە بۆ پاریزگای هەڵەبجە، ئومێد سەباح ئاشکرای کرد: مەرزی سازان لە هەڵەبجە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی داوە، نووسراوی فەرمیش کراوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مەرزەکە بە فەرمی بناسێندرێت.

باسی لەوەش کرد: یەکێکی دیکە لە کارەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ لە هەڵەبجە کراوەتەوە، هەروەها 20%ـی داهاتی دەروازەی هەڵەبجە بۆ هەڵەبجە دەبێت، ئەمەش بڕیارێکی زۆر گرنگە و دەستکەوتێکی زۆر باش دەبێت، هەروەها ڕەزامەندی دراوە شێڵتەری سەگی بێلانە لە سلێمانی و گەرمیان دروست بکرێت.

ئومێد سەباح، باسی لە کێشەی نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەوەی وەزارەتی داراییی هەرێم کرد و گوتی: لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری بۆ دەرچووە و بە دورودرێژی باسی لێوە کراوە، کە چۆن وابکرێت داهاتەکان بە تەواوی بتوانرێت لە یەک شوێن کۆبکرێنەوە و دواتر بە هاوسەنگی دابەش بکرێنەوە بەسەر کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. ڕوونیکردەوە، لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەن لێژنەیەکی باڵا هەیە کە وەزیری دارایی و پلاندانانی تێدایە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن و بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، تاوەکوو یاسای بودجە دادەنرێت ئەو بڕیارەی ئەنجوومەن دەبێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی دارایی لە هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێم هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت نییە

لەبارەی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوە کرد: لە دوای مانگی دووی ئەمساڵەوە شێوازی مووچە گۆڕاوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بڕیارێک لە بەغداوە دەرچوو کە بە تەواوی حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕیارە واقیعەکەی پێشە خۆی گۆڕی.

لە درێژە قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو: هەموو پابەندییەکانی خۆیان لە بەرامبەر ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق جێبەجێ کردووە. لەبارەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتیش، دەڵێت: "ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە، پارەی نەوتەکە بۆ خەزێنەی گشتی عێراقە."

لەبارەی هۆکارەکانی دەست پێ نەکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئومێد سەباح، گوتی: ئەو هۆکارەی وای کردووە هەناردەی نەوت دەست پێ نەکاتەوە یەکێک لە خاڵەکانی ناو یاسای بودجەی عێراقە کە خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وەک پێویست لەبەر چاو نەگیراوە، دەبێت حکوومەتی فیدراڵ بەپێی گۆڕانکارییەک لە یاسای بودجە خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان دابین بکات بۆ ئەوەی هەناردەکردنەکە دەست پێ بکاتەوە.

سەبارەت بە داهاتی نانەوتیش، ناوبراو، دەڵێت: ماوەی سێ مانگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکمان داوە کە 50%ـی داهاتووی گومرگی و 50% باجی داهات ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ بکەین و، پابەندین بەو بڕیارە.

بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەک لەگەڵ بەغدا نەماوە

ئومێد سەباح، باسی لە مووچەی دامودەزگا مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد: بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی هەیە کە لە ماگی دووەوە مووچەکان دەنێردرێت، لە هەنگاوی یەکەمدا دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ وردبینی بۆ لیستی مووچەکانیان کردووە و، ئێستە دامودەزگا مەدەنییەکان بە تەواوەتی هیچ گومانێکی لەسەر نەماوە مووچەکانیان بە تەواوی دەنێردرێت.

دەشڵێت: "کێشەیەک دروست ببوو بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان، ئێمە داوامان کردبوو هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ وردبینی بۆ بکەن بە هاوبەشی، خۆشبەختانە کاتێک ئەوان هاتنە ئێرە ناوەکانی هەموو دامودەزگا ئەمنییەکانمان ڕادەست کردوون و تیمی وردبینی هەردوولا ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کردووە، ئەم خاڵانەشی کە لەناو ڕاپۆرتەکە هەبووە هیچی نابێتە ڕێگر لەسەر خەرجکردنی مووچەکانیان."

جەختی لەوە کردەوە،  گەشبینی هەیە کە مووچەی هێزە ئەمنییەکان وەک مووچەی دامودەزگا مەدەنییەکان پێکەوە بەیەک پاکێج بنێردرێن، هەروەها هەوڵ دەدرێت مووچەی مووچەخۆران بە تەواوی زامن بکرێت.

لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێممان بەپێی یاسای نوێ بۆ هاوتاکردن بۆ بەغدا ناردووە

لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕایگەیاند: "لە دواین سەردانمان بۆ بەغدا، هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێم و عێراق رێککەوتن کە لێژنەیەک پێک بهێنرێت لە نێوان هەردوولا کە دیوانی چاودێری داراییشی تیدابێت بۆ ئەوەی بزانن چۆن مووچەکان هاوتا بکرێن."

گوتیشی: بۆ ئەم مانگە لیستی مووچەمان بە یاسای تازەکە ناردووە بۆی بەغدا، بەڵام نازانین تەرخانکردنی داراییەکان بەپێی یاسا تازەکە دەبێت یان کۆنەکە، ئەوەش لێژنکە بڕیاری لەسەر دەدات. بڕیار وایە لێژنەکە هەفتەی داهاتوو یەکەم دانیشتن بکات، بەرەوپێشچوونەکە ئەوەیە کە حکوومەتی فیدراڵ هاتووەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی قبوڵی بکات کە تەرخانکردنی دارایی دابین بکرێت بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم."