کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس
ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر،بە توندترین شێوە، کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماسی ئیدانە کرد و بە تاوانێکی قێزەون و پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی ناوبرد.

قەتەر؛

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەردا هاتووە، دەوڵەتی قەتەر بە توندترین شێوە کوژرانی د. ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە فەڵەستین لە تارانی پایتەختی ئێران، شەرمەزار دەکات. و بە تاوانێکی قێزەون و پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەزانێت.

ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی دەرەوە دووبارەی دەکاتەوە کە ئەم تیرۆرکردنە و هەڵسوکەوتی بێباکانەی ئیسرائیل لە بەردەوامبوون لە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەکە بخزێتە ناو ئاژاوەگێڕییەوە و ئاشتی تێکدەدات.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرخۆشی خۆی بۆ گەلی فەڵەستین دەربڕی و ڕاشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە پشتیوانی گەلی فەلەستین.

تورکیا؛

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئیدانەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس لە تاران، "جارێکی دیکە حکوومەتی ناتانیاهۆ ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە هیچ نییەتی گەیشتن بە ئاشتی نییە".

ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرەخۆشی خۆی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕی کە سەدان هەزار شەهیدی وەک هەنییەیان کردە قوربانی، بۆ ئەوەی بتوانن لە زێدی خۆیان، لە ژێر سەقفی دەوڵەتەکەیان بە ئارامی بژین.

وەزارەتی دەرەوە تورکیا پێی وایەئەم هێرشە ئامانجی فراوانکردنی بازنەی شەڕی غەززەیە بۆ ڕەهەندێکی ناوچەیی ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل هەنگاو نەنێت، ناوچەکەمان ڕووبەڕووی ململانێیەکی زۆر گەورە دەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی دۆزی دادپەروەری گەلی فەڵەستین.

ئەفغانستان؛

لەلایەکی دیکەشەوە بزووتنەوەی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەدەستدانی ئیساعیل هەنییە، کارەساتێکی گەورەیە  بۆ گەلی فەڵەستین، هەروەها درێژەدان بە تاوانەکان و هێرشەکانی ئیسرائیل ناوچەکە پشێوتر دەکات.

سووریا؛

هەر لە کاردانەوەکانی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، وەزارەتی دەرەوە سووریا ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە، "ڕژێمی ئیسرائیل لە تاوانیكی دیکەی نوێی دوژمنکارانەدا لە تاران سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی تیرۆرکرد، ئەمەش پێشێلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران".

فەڵەستین؛

لای خۆیەوە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتداری فەڵەستین ڕایگەیاند، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرکۆنە دەکەم و گوتیشی، "کوشتنی هەنییە کارێکی ترسنۆکانەیە".

ئێران؛

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەرگیزی خوێنی ئیسماعیل هەنییە بە فیڕۆ ناچێت و کوژرانیشی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەلەستین و بەرەی موقاوەمە بەهێزتر دەکات.

ئوردن؛

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە ئیدانە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم هێرشانە پاڵ بە گرژی و ئاژاوەگێڕیی زیاترەوە دەنێت لە ناوچەکەدا".

عێراق؛

حکوومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزووتنەوەی سیاسی حەماس، لە تارانی پایتەختی ئێران دەکەین.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند. 

حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کراوەتە ائامانج. 

لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.

Fly Erbil Advertisment