پوختەی یارییەکانی ئەمڕۆی ئۆڵمپیک 2024
لە بەردەوامی یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024ـی پاریس، خۆزێ تۆرێس وەرزشوانی ئارجێنتینایی، یەکەم مێدالیای زێڕی بۆ وڵاتەکەی بەدەستهێنا، هەروەها دوو خانمە وەرزشوانی چینیش مێدالیای زێڕیان بۆ وڵاتەکەیان بەدەستهێنا و بەریتانیەکان و هۆڵەندییەکانیش مێدالیای زێڕیان بەدەستهێنا.
لە بەردەوامی یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024ـی پاریس و لە پێنجەم رۆژی پێشبڕکێیەکان، خۆزێ تۆرێس وەرزشوانی ئارجێنتینایی، یەکەم مێدالیای زێڕی بۆ وڵاتەکەی لە ئۆڵمپیکی پاریس بەدەستهێنا.
خۆزێ تۆرێس پاڵەوانی جیهان لە یارییەکانی پێشبڕکێی بایسکلسواری سەربەست توانی رکابەرییەکی بەهێز لەگەڵ رکابەرەکانی بکات و لە کۆتاییدا توانی یەکەم مێدالیای زێڕ بۆ وڵاتەکەی بباتەوە.
لە یارییەکانی خۆهەڵدانی ناو ئاو لە بەرزایی 10 مەتری خانمان، کوانگ هونگشان و هەروەها شین یووشی دوو خانمە وەرزشوانی چینی مێدالیای زێڕیان بەدەستهێنا.
کوانگ هونگشان و هەروەها شین یووشی دوو خانمە وەرزشوانی چینی، لە پێشبڕکێی خۆهەڵدانی ئاو لە بەرزایی دە مەتر، توانیان پلەی یەکەم و مێدالیای زێڕ ببەنەوە، هەروەها دوو خانمە وەرزشوانی کۆریای باشوور مێدالیای زیو و خانمە وەرزشوانانی بەریتانیاش مێدالیای برۆنزیان بەدەستهێنا.
لە پێشبڕکێی بەلەمیش چوار وەرزشوانی هۆڵەندی پلەی یەکەم و مێدالیای زێڕیان بردەوە.
لە بەردەوامی یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024ـ پاریس و لە پێشبڕکێی بەلەمی چوار کەسی، وەرزشوانانی هۆڵەندا لە ماوەی پێنج خولەک و 42 چرکە، پێش رکابەرەکانیان گەیشتنە هێلی کۆتایی و مێدالیای زێڕیان بەدەستهێنا، هەروەها ئیتاڵیەکان مێدالیای زیو و پۆڵەنداش مێدالیای برۆنزیان بردەوە.
لەسەر ئاستی خانمانیش لە پێشبڕکێی بەلەمی چوار کەسی، خانمە وەرزشوانانی بەریتانیا مێدالیای زێڕیان بردەوە.
لە پێشبڕکێی بەلەمی چوار کەسی و لەسەرئاستی خانمان، خانمە وەرزشوانانی بەریتانیا، دوای رکابەرییەکی بەهێز لەگەڵ رکابەرە هۆڵەندییەکانیان، توانیان مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیکی 2024ـی پاریس بەدەست بهێنن و هۆڵەنداش مێدالیای زیو و هەروەها خانمە وەرزشوانانی ئۆکرانیا مێدالیای زیویان بەدەستهێنا.
لە یارییە سیانەکانیش ئالێکس یێ وەرزشوانی بەریتانی توانی پلەی یەکەم و مێدالیای زێڕ بباتەوە.
ئالێکس یێ وەرزشوانی بەریتانی هەرچەندە لە سەرەتاکانی پێشبڕکێی سیانەی پیاوان، ماوەیەکی زۆر لە دوای رکابەرەکانی بوو، بەڵام لە کۆتاییدا توانی لە ماوەی یەک کاتژمێر و چل و سێ خولەک گەیشتە هێلی کۆتایی و مێدالیای زێڕی بردەوە، هەروەها وەرزشوانی نیوزلەندیش مێدالیای زیوی بردەوە.