جۆکۆڤیچ و ئالکاراز گەیشتنە قۆناغی 16ـی ئۆڵمپیک

کارلۆس ئالکاراز تێنسزانی ئیسپانی
کارلۆس ئالکاراز تێنسزانی ئیسپانی

نۆڤاک جۆکۆڤیچ تێنسزانی سڕبی، دوای بردنەوەی لە رافایل نادال ئەمجارەیان لە قۆناغی شازدەی ئۆڵمپیکی پاریس، رووبەڕووی دۆمێنیک کۆپفەری ئەڵمانی بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام بردەوە.

جۆکۆڤیچ خاوەنی زۆرترین ناسناوی گراندسلام لە مێژوودا هیچ مێدالیەکی زێڕی بەدەست نەهێناوە، ئەو تێنسزانە 37 ساڵانە دوایین دەرفەتی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بتوانێت مێدالیای زێڕ بەدەست بهێنێت، پێش ئەوەی بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت.

جۆکۆڤیچ بە پێچەوانەی یاریی رابردووی بەرامبەر نادال، ئەمجارەیان هەندێک تووشی زەحمەتی بوو، تاوکو توانی یارییەکە بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش حەوت شەش و شەش سێ بوون.

نۆڤاک جۆکۆڤیچ بەم بردنەوەیە بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتایی ئۆڵمپیکی پاریسی بەدەستهێنا، بۆ جاری چوارەمیش لە مێژوو گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی ئۆڵمپیک. پۆلینی یەکەمی ئۆڵمپیکی پاریس واتە نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە قۆناغی چارەکی کۆتایی، رووبەڕووی ستێفانۆس تێنسزانی یونانی دەبێتەوە.

کارلۆس ئالکاراز پۆڵینی دووەمیش توانی بە بردنەوەی بەرامبەر رۆمان ساڤیۆلین، بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتایی ئۆڵمپیکی پاریسی بەدەستهێنا.

کارلۆس ئالکاراز تێنسزانی ئیسپانی و پۆڵینی دووەمی پاڵەوانێتی تێنسی ئۆڵمپیکی پاریس، لە قۆناغی شازدەی پاڵەوانێتیەکە، توانی بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام، لە رۆمان ساڤیۆلینی رووسی بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش چوار و شەش دوو بوون.

بەم بردنەوەیە ئالکاراز بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتایی ئۆڵمپیکی پاریسی بەدەستهێنا و لەم قۆناغەش، رووبەڕووی تۆمی پاول تێنسزانی ئەمریکی دەبێتەوە.