خانمانی بەرازیل ماڵاواییان لە ئۆڵمپیک کرد
هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی بەرازیل، دوای دۆڕانەکەی یاریی ڕابردوو بەرامبەر خانمانی ژاپۆن، ئەمجارەیان تووشی دووەم دۆڕانی لەسەر یەک بوو و ماڵاوایی لە یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024ـی پاریس کرد.
هەڵبژاردەی خانمانی بەرازیل، لە گەڕی سێیەم و کۆتایی قۆناغی کۆمەڵەکانی ئۆڵمپیکی پاریس، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام دۆڕاند. سەرەتا لە خولەکی 14 یاریزانانی ئیسپانیا گۆڵی یەکەمیان کرد، بەڵام گۆڵەکە بەهۆی ئۆفساید ڕەتکرایەوە. دواتر لە خولەکی 45 ماتا بە کارتی سوور لە یارییەکە دەکرا. یارییەکە بەردەوام بوو و لە خولەکی 68 ئاتێنا گۆڵێکی دروستی بۆ لارۆخا کرد و لە خولەکی 107ـیش ئالێکسیا بۆتیاس گۆڵی دووەمی بۆ ئیسپانیا کرد.
بەم ئەنجامە، هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا، بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ وەکو پێشەنگی کۆمەڵەکەیان گەیشتنە قۆناغی چارەکی کۆتایی، لەو قۆناغەش رووبەڕووی باشترین سێیەمی کۆمەڵەی یەکەم یاخود دووەم دەبنەوە، خانمانی بەرازیلیش ماڵاواییان لە ئۆڵمپیک کرد.
هەڵبژاردەی خانمانی بەرازیلی هاوشانی هەڵبژاردەی خانمانی ئەمریکا، هەشت جار بەشداری ئۆڵمپیکی کردووە و خاوەنی زۆرترین بەشدارییە، بەڵام هەرگیز مەدالیای زێڕی بەدەست نەهێناوە.