کاڵای دروستکراوی ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراق کەم بووەتەوە
ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ئێران ئاشکرای کرد "کورتهێنانی کەرتی بازرگانیی وڵاتەکەی گەیشتووەتە ئاستێک، حکوومەت ناچارە ئامارەکانی هەناردەکردنی نەوتیش بخاتە نێو ڕاپۆرتی بازرگانییە دەرەکییەکان، لە کاتێکدا بەهۆی بەرزی بەهای دۆلارەوە کاڵای دروستکراوی ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراق کەم بووەتەوە".
حسێن سیلاحوەرزی، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت: ساڵی ڕابردوو کورتهێنانی بازرگانیی کاڵای نانەوتی لە ئێران گەیشتووەتە 16 ملیار دۆلار کە کورتهێنانی لەو شێوەیە لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکوو ئێستا نەبووە، ئەمەش وای کردووە حکوومەت ناچار بێت ئامارەکانی هەناردەکردنی نەوتیش بخاتە ناو ڕاپۆرتەکانی بازرگانییە دەرەکییەکانەوە.
بەپێی ئامارەکانی گومرکی ئێران، بەهای کاڵای هاوردەکراوی ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتە 16.8 ملیار دۆلار لە کاڵای هەناردەکراوی وڵاتەکە زیاتر بووە. ئەم کورتهێنانە لە ساڵی 2020، 203 ملیار دۆلار، لە ساڵی 2021، 3.9 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2022، 6.5 ملیار دۆلار بووە.
حسێن سیلاحوەرزی دەڵێت: سزاکانی ئەمەریکا، کێشەی ئاڵوگۆڕی بانکی، هەروا بوونی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپی کاری دارایی دژی سپیکردنەوەی پارە (ئێف ئەی تی ئێف)، سیاسەتەکانی حکوومەت بۆ دراو، ناچارکردنی هەناردەکاران بە گۆڕینەوەی دۆلار بە نرخی حکوومی، بڕیاری بەپەلەی حکوومەت و ناسەقامگیری یاساکانی بازرگانی، هۆکارەکانی ئەو کورتهێنانەن، بۆیە بەشی زۆری بازرگانان پێیانوایە هەناردەکردن سوودی تێدا نەماوە.
سیلاحوەرزی ئاماژەی بە دۆخی بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق داوە و دەڵێت: عێراق گەورەترین بازاڕی کاڵای هەناردەکراوی ئێرانە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی عێراق هەوڵی دا بەهای دینار بەرز بکاتەوە؛ ئەمەریکاش سزاکانی دژی ئێران زیاتر کرد و دۆلار لە عێراقیش بوو بە دوو نرخ و نرخی دۆلاری لەلایەن حکوومەت و دۆلار لە بازاڕی ئازاد 15 بۆ %20 جیاوازییان هەیە، ئەمەش ئەرکی بازرگانانی ئێرانی قورستر کردووە و توانای ڕکابەریی کاڵای ئێرانی لە بازاڕی عێراقدا کەم بووەتەوە.