خواست لەسەر مۆبیلیاتی ناوخۆ زیاد بووە

K24 – سلێمانی:
لە سلێمانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کارگەکانی دروستکردنی قەنەفە زیاتر دەبن، ئێستە قەنەفەی کارگە ناوخۆییەکان هەم لەڕووی کوالێتی و هەم لەڕووی نرخەوە گونجاوترن بە بەراورد بە قەنەفە هاوردە کراوەکان، ئەمە وایکردووە خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکان کەمتر بێتەوە.
ئەکبەر عومەر، خاوەنکارگە، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە کوالێتییەک کار دەکەن کە لە ئاستی کوالێتی جیهانیی دایە، بە شێوەیەک دروستکردنی قەنەفە لە ناوخۆ زیاد کردووە کە وایان کردووە خواست لەسەر قەنەفەی هاوردە کەمتر بێت.
ناوبراو گوتیشی: ئەگەر پاڵشتی کارەکانمان بکرێت دەتوانین بەرهەمەکانمان هاوردەی دەرەوە بکەین.
بەهۆی گونجاوی نرخ و بەرزبوونەوەی کوالێتییەکەیان، نرخەکەیان نزیکەی نیوەی نرخی مۆبیلیاتە هاوردەکراوەکانە و چەند ساڵێکە ئەو پیشەیە بەردەوامە، ئێستا وەستا و کارمەندی شارەزا لەو بوارەدا دروست بوون و بەو هۆیەوە کوالێتی بەرهەمەکان بەرز بووە و هەلى کاریش بۆ گەنجان ڕەخسێنراوە.
عەتا محەممەد، جێگرى سەرۆکى هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان، گوتی: ئەگەر زیاتر پاڵپشتی لە بەرهەمە ناوخۆییەکان بکرێت وادەکات پارەکانیش هەر لە ناوخۆدا بەکار بهێندرێنەوە و نەبرینە دەرەوە.