وەزیری پەروەردە: داوایەکی قورس لە مامۆستایان دەکەین

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی دووەم کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان بە ناونیشانی "پەروەردەی باش، دەرفەتی باشتر" ئاماژە بەوە دەکات، نەوەیەک لە سەردەمی تەکنەلۆژیا لەدایک بوون، بە مامۆستایانیش دەڵێن خۆیان لەگەڵ ئەو نەوەیە بگونجێنن کە بۆیان ناکرێت و ئەرکێکی قورسە بۆیان.

پێنجشەممە، 01-08-2024، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەم کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان بە ناونیشانی "پەروەردەی باش، دەرفەتی باشتر" گوتی: دەمانەوێت قوتابی بکەینەوە سەنتەر و مامۆستا بگۆڕین لە فێرکارەوە بۆ هاوکاری فێرکار، دەڵێت: پێمان خۆشە ئەزموونی پێداگوجی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ  ئەزموونی ڕاهێنان لە وەزارەتی پەروەردە بەیەکەوە بگونجێنین، گوتی: ئێمەش داواکارییمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان هەیە، هەندێک بابەتمان هەیە کە پێویستمانە و دواجار نابێت پرۆسەکە وا لێک بدرێتەوە کەم و کوڕییەکان خەتای لایەنێکە، ئەوەی دەبێتە مامۆستا بەرهەمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەیە، بەرهەمێکی دوولایەنەیە، دەبێت بە هەماهەنگیی کاری بۆ بکرێت، پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان گوێ لە وەزارەتی پەروەردە بگرن، دەشڵێت: سێ ساڵە ستراتیژمان پێشکەش کردووە بۆ خوێندنی پیشەیی، کە پێویستە خوێندنی پیشەیی و خوێندنی تەکنیکی یەک بن، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە بۆیە خۆمان دەستمان پێکرد.

وەزیری پەروەردە گوتی: ئەو پێداگۆجیەی لە زانکۆکان هەن، بێن لە ئێمە ئەندازەی کاریگەرییەکەی وەربگرنەوە، چونکە ئەو مامۆستایانەی لەوێ دەرچوون، ئێستا لە وەزارەتی پەروەردە وانەبێژن و لەناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە وانە دەڵێنەوە، ئەوانە بەرهەمی زانکۆکان و پێداگوجین، پێویستە هەردوو وەزارەت هەماهەنگ بن.

ئالان ئەمە سەعید نەیشاردەوە کە نەوەیەک لەگەڵ سەردەمی تەکنەلۆژیا لەدایک بوون، بە مامۆستایانیش دەڵێین خۆیان لەگەڵ ئەو نەوەیە بگونجێنن، گوتی: ململانێی نەوەکان ئەوکاتە دروست دەبێت کە دوو نەوە خاوەنی دوو بەهای جیاواز بن، ئێمە دەمانەوێت مامۆستاکانمان بە تەواوەتی وەکو ئەو نەوەی ئێستا لە قوتابخانەکانن، هەموو شتێکی خۆیان بۆ ئەو نەوەیە بگونجێنن کە ناتوانن، ئەو ئەرکە بۆ مامۆستایانی ئێستا قورسە، دەبێت کاریگەریی نێوان ئەو دوو نەوەیە کەم بکەینەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01-08-2024، دووەم کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان بە ناونیشانی "پەروەردەی باش، دەرفەتی باشتر" بە چاودێریی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد کە تێیدا پسپۆر و شارەزایانی بواری پەروەردە و خوێندن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشە و ئالنگارییەکانی بەردەم پەروەردە و پێشوەچوونەکانی پرۆسەی خوێندن.

Fly Erbil Advertisment