مسته‌فا خه‌رووف: لووتكه‌ی پزیشكیی پاراستنی كۆرپه‌ی تازه‌له‌دایكبوو له ڤایرۆس ئامانجی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیارییه

له هه‌ولێر لووتكه‌ی پزیشكیی پاراستنی كۆرپه‌ی تازه‌له‌دایكبوو له ڤایرۆس به‌ڕێوه ده‌چێت، هاوكات سه‌رپه‌رشتیاری لووتكه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، پاراستنی كۆرپه‌ی تازه‌له‌دایكبوو له ڤایرۆس پێویستی به هۆشیاری و ڕۆشنبیری هه‌یه.
ڕۆژی هه‌ینی، 2ـی ئابی 2024، مسته‌فا خه‌رووف، سه‌رپه‌رشتیاری لووتكه‌ی پزیشكیی پاراستنی كۆرپه‌ی تازه‌له‌دایكبوو له ڤایرۆس تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، ئه‌م لووتكه‌یه بۆ یه‌كه‌م جاره له‌سه‌ر ئاستی عێراق له هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت و ئامانجیانه منداڵی تازه‌له‌دایكبوو له‌و ڤایرۆسه بپارێزێت كه له ساته‌وه‌ختی له‌دایكبوونییه‌وه ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه.
مسته‌فا خه‌رووف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ڤایرۆسه‌كه ماوه‌ی ساڵێك بۆ دوو ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت، لووتكه‌كه مه‌به‌ستیه‌تی هۆشیاری و ڕۆشنبیری له باره‌ی ڤایرۆسه‌كه بڵاو بكاته‌وه.
سه‌رپه‌رشتیاری لووتكه‌ی پزیشكیی پاراستنی كۆرپه‌ی تازه‌له‌دایكبوو له ڤایرۆس گوتیشی، مه‌به‌ستیانه له‌م ڕێگه‌یه‌وه زانیاریی ته‌واو به پزیشكان و خه‌ڵك به گشتی بده‌ن.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، یاداشتنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به فه‌رمی ڕێنماییه‌كانی خۆپارێزی له‌م ڤایرۆسه بڵاو بكه‌نه‌وه.