"لە مێسییەوە بۆ ویلیامز.. بەناوبانگترین بەڵێنە درۆینەكانی لاپۆرتا"

خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا
خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا

مارسیال لۆرێنتی رۆژنامەنووسی ناوداری كەتەلۆنیا، لە زنجیرەیەك لێدواندا هێرشێكی توند دەكاتە سەر خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەی بارسێلۆنا، دەڵێت: فێڵبازترین سەرۆك، زۆرترین بێڕێزی بە ئەستێرە و یانەكان دەكات.
ئەمەی خوارەوە تەواوی قسەكانی مارسیال لۆرێنتییە كە لە زۆربەی پلاتفۆرمەكانی ئیسپانیا بڵاوبووەتەوە:
ـ سەرۆكی ئێستای بارسێلۆنا تایبەتمەندە لە پەردەپۆشکردنی شکستەکانی لەڕووی كارگێرییەوە، بۆیە بەردەوام بە هەندێك قسەی زل و بە تەقاندنەوەی هەندێک باڵۆنی هیوابەخش وا دەکات دەوروبەر و رۆژنامەكان فریو بدات، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە کۆتاییدا باڵۆنەكان كون دەبێت و بەڵێنە ناڕاستەكان ئاشكرا دەبن.
ـ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی 2021دا دووپاتی کردەوە کە مێسی گرێبەستەكەی نوێ دەکاتەوە، لە مانگی ئازاریشدا دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكان گەڕایەوە سەرۆكایەتی بارسێلۆنا، بینیمان كاتێك لاپۆرتا سەیری چاوەکانی مێسیی کرد و گوتی: لیۆ ئۆفەرێکت پێشكەش دەكەین كە زەحمەتە بتوانیت ڕەتی بكەیتەوە.
ـ لاپۆرتا تا دوایین ساتەكان باشترین یاریزانی مێژووی بارسێلۆنای فریودا و لە چاوەڕوانی هێشتییەوە، لە كاتێكدا دەبوو تەلەفۆنێكی بۆ كردبا و روونكردنەوەیەكی بڵاوكردبایەوە كە وایكردبا خەڵكی باوەڕ بە قسەكانی بكات، بەڵام لاپۆرتا لە دەرگەی پشتەوە بەوپەڕی شەرمەزارییەوە ڕایكرد و ئەفسانەكەی بارسێلۆنا لە یانەكە بەڕێكرد.
ـ لاپۆرتا نەک جارێک، بەڵکو دووجار فێڵی لە مێسی کرد، لە مانگی یەکی ساڵی 2023 تا مانگی حوزەیران، لاپۆرتا لەنێو هاندەرانی بارسێلۆنا دەنگۆی ئەوەی بڵاوكردەوە كە مێسی دەگەڕێنێتەوە بارسێلۆنا، دوای ئەوەی کۆتایی بە دوو ساڵە سەخت و تاڵەکەی لە پاریس هێنا، بەڵام دواتر دەركەوت ئەمە جگە لە قسەیەكی بێ كرداری لاپۆرتا هیچی تر نەبوو.
ـ هاوینی رابردوو پێش ئەوەی مێسی پەیوەندی بە ئینتەر مەیامی بكات دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە مێسی و کیمیچ بەیەكەوە بۆ بارسێلۆنا دەگوازرێنەوە، بەڵام دواتر دەركەوت ئەم بابەتە هیچ بوونی نییە، بارسێلۆنا تەنیا دەتوانێت بایی 3 ملیۆن یۆرۆ یاریزان بگوازێتەوە ئەو كارەشی كرد ئۆریل ڕۆمیۆی لە جیرۆنا گواستەوە.
ـ لە مانگی یەکی ساڵی 2023، لاپۆرتا وازی لە بەڵێنە ناراستەكانی نەهێنا كاتێك گوتی هاوینی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ هالاند دەكەن، ئەمەش لە هەموو میدیایەكان بڵاوكرایەوە، بەڵام هاوینی داهاتوو بینیمان مانچێستەر سیتی گرێبەستی لەگەڵ هێرشبەرە نەرویجییەكە واژۆ كرد، ئەوكات لاپۆرتا بە شەرمەزارییەوە گوتی: مەحاڵە بۆ ئێمە بتوانین ركابەری ئەم ژمارە ئابوورییە بەهێزەی مان سیتی بكەین.
ـ بێرناردۆ سیلڤای پۆرتوگالی یەکێکی ترە لەو گرێبەستانەی کە سەرۆکی بارسێلۆنا بانگەشەی گواستنەوەی بۆ كرد، تەنانەت لاپۆرتا قسەیەكی دیكەی فڕێدایە نێو میدیایەكان كە گوایە هەوڵی گەڕانەوەی نێیمار دەدات.
ـ لاپۆرتا بۆ ئەم هاوینەش یارییەكی دیكەی دەست پێ كردووە، بە درێژایی مانگی رابردوو نێکۆ ویلیامزی وەک دوکەڵ بەکارهێنا بۆ ئەوەی شکستە داراییەکانی پێبشارێتەوە، دەیەوێت لەگەڵ نێکۆ ویلیامز مێژووی درۆینی خۆی دووبارە بکاتەوە.
لاپۆرتا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی کەتەلۆنیا گوتی: نیكۆ ولیامزم خۆش دەوێت و چاوەڕێی ئەوە دەكەین دۆخی ئابووریمان باش بكەین بۆ ئەوەی گواستنەوەی ئەو یاریزانە یەكلایی بكەینەوە.
بەڵام تا ئێستا یەك قسەی فەرمی لەگەڵ نیكۆ نەكراوە و بە ئەگەرێكی زۆر لە کۆتاییدا لە بلباو دەمێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە کاتێک پاریس حەزی لە مێسی بوو.
ئەم شێوازی مامەڵەكردنەی خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەی بارسێلۆنا جۆرێكە لە سووكایەتی بە یاریزانەكان، هاوكات بەشێكی زۆریش لە یانەكانی نیگەران كردووە.

.