وادەی دابەشکردنی هاوکاریی دارایی بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرا دەکرێت

سبەی دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمان بەسەر لیوا هاوبەشەکانی هێزەکانی پێشمەرگەدا دەکرێت.
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، سبەی پێنج شەممە، 8/8/2024، دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بەسەر لیوا هاوبەشەکانی هێزەکانی پێشمەرگەدا دەکرێت. بە گوێرەی زانیارییەکان، هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی حەوت، 386 هەزار و 395 دینارە.
پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو، پاش ڕاوێژ و گفتۆگۆی ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، دوای ڕەزامەندی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردرا ئەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەکرا، ڕاستەوخۆ بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی پێشمەرگەو، لەو رێگەیەوەش بڕی هاوکارییەکە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن بدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەو بڕیارە دوای ئاراستەی دروستی هەنگاوەکانی چاکسازی دێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بەهاوکاری هاوپەیمانان بەردەوامی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی سەردەمیانە. هەوڵەکانی حکوومەت و وەزارەتی پێشمەرگە چڕترک راونەتەوە، بۆ ئەوەی قەبارەی هاوکارییەکان باشترو فراونتر بکرێت و لە هەنگاوەکانی دادێی پڕۆسەی "رێکخستنەوەو یەکخستنەوەدا" سەرجەم هێزەکان بگرێتەوە.