جۆو بایدن: ئەگەر ترەمپ بدۆڕێت بە ئاشتییانە دەسەڵات ئاڵوگۆڕ ناکرێت
دوای زیاتر لە سێ ساڵ، هێشتا ڕووداوی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس لە بیرەوەریی دیموکراتەکان ماوەتەوە و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش ترس دایگرتوون، نیگەرانن لەوەی هەمان سیناریۆ لەلایەن کۆمارییەکان دووبارە بێتەوە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ترەمپ بدۆڕێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەسەڵات ئاڵوگۆڕ ناکرێت.
کامالا هاریس، کاندیدی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکانیش بەڵێن دەدات لە ترەمپ بباتەوە و ڕێگە نەدەن ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا. کۆمارییەکانیش قسەکانی بایدن ڕەت دەکەنەوە و دڵنیایی دەدەن، ئەگەر ترەمپ بەشێوەیەکی یاسایی بدۆڕێت، هیچ کێشەیەک دروست نابێت و دەسەڵات بە ئاستیانە دەستاودەست دەکرێت.
بانگەشەی هەردوو پارتی کۆماریی و دیموکراتەکان گەرم بووە، لەگەڵ ئەوەشدا، دیموکراتەکان هێشتا ترسی هەڵبژاردنی ڕابردوویان لەدڵدایە، نیگەرانن لەوەی ئەگەر دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان بدۆڕێت، هاوشێوەی 6ـی کانوونی دووەمی 2021، ئاڵۆزی دروست بێت، .
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" ڕایگەیاند، ئەگەر ترەمپ بدۆڕێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەسەڵات ئاڵوگۆڕ ناکرێت؛ چونکە ترەمپ پێشتر وتوویەتی ئەگەر لە هەڵبژاردن بدۆڕێت، وڵات دەبێتە گۆمی خوێن.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردنی بدۆڕێت، لەو باوەڕەدا نیم ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و پۆستی سەرۆکایەتی بەشێوەیەکی ئاشتیانە بکرێت؛ ئێمە قسەکانی ئەو بە ڕژدی وەرناگرین، بەڵام ئەو پێشتر وتوویەتی ئەگەر لە هەڵبژاردن بدۆڕێن وڵات دەبێتە گۆمی خوێن. بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکەش ساختە بووە. ئەوان ئێستە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کەسانێک دادەنێت خۆیان دەنگەکان دەژمێرن، بەڵام بەڕاستی تۆ ناکرێت تەنیا لەکاتی سەرکەوتن وڵاتەکەت خۆشبووێت.
لەلایەکی دیکەوە کامالا هاریس، کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکراتەکان ڕکابەرە سەرسەختەکەی ترەمپ، بەڵێن دەدات لە ترەمپ بباتەوە و ڕێگە نەدەن ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا، چونکە تاوانبارە و دەیەوێت دەستووری وڵات لەناو بەرێت.
کامالا هاریس، کاندیدی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان، دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ بە ساختەکاریی تاوانبارکرا، 34 تۆمەتی بەسەردا ساغبوونەوە، دواتر خەڵکی داوایان کرد زیندانی بکرێت. ئێمە لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەم، لێیان دەبەینەوە. ترەمپ بە ئاشکرا بەڵێنی داوە ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕۆژی یەکەمەوە دەبێتە دیکتاتۆر، ڕێگە لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەگرێت و دەستووری وڵات لەناودەبات، کەسێک ئەمە بکات، نابێت ڕێگەی بدرێت ببێتە سەرۆکی وڵات.
لارا ترەمپ، هاوسەرۆکی لیژنەی نیشتمانی کۆمارییەکان تەواوی قسەکانی بایدنی ڕەت کردنەوە و دڵنیایی دەداتە هەمووان، ئەگەر ترەمپ بەشێوەیەکی یاسایی بدۆڕێت، هیچ کێشەیەک دروست نابێت و دەسەڵات بە ئاشتیانە دەستاودەست دەکرێت.