کاتی ناساندنی دانی ئۆڵمۆ وەك یاریزانی نوێی بارسێلۆنا ئاشکراکرا
بارسێلۆنا رۆژی ناساندنی دانی ئۆڵمۆ بە میدکاران و هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە دیاریی دەکات
بە پێی هەواڵێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، یانەی بارسێلۆنا لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی دانی ئۆڵمۆ رادەگەیەنێت، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو لەگەڵ یاریزانەکە و یانەی لایپزیگی ئەڵمانی رێککەوتن.
رۆژنامەکە ئەوەشی نووسیوە رۆژی هەینی رێککەوتی 2024/08/09 یاریزانە ئیسپانییەکە وەك گرێبەستێکی نوێی یانەی بارسێلۆنا پێشکەش بە هاندەران و میدیاکاران دەکرێت.
لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە: خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە یاریگەی تیتۆ ڤیلانۆڤای وەرزشی لە کاتژمێر 11ی بەیانی گرێبەستەکە لەگەڵ دانی واژۆ دەکات، دواتر لە کاتژمێر 12:15ی نیوەڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئۆڵمۆ وەك یاریزانی بارسێلۆنا وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
ئۆڵمۆ بۆ ماوەی شەش ساڵ و تاوەکو ساڵی 2030 گرێبەست لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ دەکات، دانی دوای 10 ساڵ دەگەڕێتەوە یانەکە، کە پێشتر لە تەمەنی 16 ساڵی بەجێیهێشت و روویکردە یانەی داینامۆ زاگرێبی کڕواتی.
بەهای گرێبەستی یاریزانە ئیسپانییەکە لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە 47 ملیۆن یۆرۆیە و بەشێوەی قیست دەدرێت بە یانە ئەڵمانییەکە، لەگەڵ پاداشت بەپێی بەدەستهێنانی نازناوەکان و یارییکردنی یاریزانەکە بە رێژەی 60%ی یارییەکان.
دانی ئۆڵمۆ تەمەنی 26 ساڵە و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزان 60 ملیۆن یۆرۆیە، پێشتر لە یانەی داینامۆ زاگرێبی کڕواتی پەیوەندی بە لایپزیگی ئەڵمانییەوە کردووە.